RSS     Despek
ماڵه‌وه‌| هه‌واڵ| وتار| دیمانه‌| ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ر| نووسه‌ران| له‌ مێدیاکانه‌وه‌‌| رۆژهه‌ڵات‌تایمز و خوێنه‌ران| په‌یوه‌ندی
27 August 2014
بگه‌رێوه‌| ناردن بۆ دۆستان‌| چاپ| 620 جار بینراوه‌| 4 بۆچوون|

مام مارف: کە میزی سێیەمم هات، کاتەکەیە

13 Jan 2012
avatar
قەرەنی قادری
له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا‌، کاتێک وه‌رزی خوێندنمان له‌ شاری شنۆ ته‌واو ده‌بوو، بۆ کاروباری زه‌ویوزار، جێخوون و گه‌نم دروونه‌وه‌ به‌ره‌و زێدی له‌دایکبوونمان ده‌چووینه‌وه‌ گونده‌که‌مان. هه‌ر ساڵه‌ی نزیک چوار مانگ له‌گه‌ڵ براکانم له‌ گوندی سۆفیان خه‌ریکی کاروباری دروێنه‌ و مه‌زرا ده‌بووین. له‌ کاتی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ، یان نۆک هه‌ڵقه‌ندن، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی کار ده‌بووین، بۆ مانەوەی شه‌وانه‌ له ‌پاڵ جێخوونی گه‌نم و جۆ، خێوه‌تێکمان لێ هه‌ڵدا بوو و لەبنی تخێڵ دەبووین.

په‌نجا شێست هه‌نگاو دوور له‌ خێوه‌ته‌که‌ی ئێمه،‌ مه‌ڕدارانی گوند ڕه‌شماڵ و تاوڵیان لێ هه‌ڵده‌دا. شه‌و و ڕۆژ، مه‌ڕ و بزن به‌ ده‌نگه‌ده‌نگ و فیکه‌ فیکی شوانان و بێرییان به‌ڕێ ده‌کران. به‌یانانیش شه‌نگه‌ بێری و کیژۆڵه‌ی نازدار و جوانی گوند، شوان و مه‌ڕیان به‌ره‌و‌ ده‌شت و مه‌زرا به‌ڕێ ده‌کردن.
لای ئێوارانیش که‌ مێگه‌ل ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، شه‌نگه‌ بێری و کیژه‌ جوانکیله‌ی ڕیحان له‌ ناو بسکدا، به‌ره‌و پیری مێگه‌ل ده‌چوون. ئه‌وه‌ی که‌ له‌م دیمه‌نه‌دا سه‌رنجی منی ڕاکێشابوو، ماندوویی و کارکردنی ژنانی ڕه‌شماڵ بوو، که‌ هه‌دادانیان نه‌بوو و هەرگیز نه‌مزانی که‌ ئه‌م ژن و کچانه‌ که‌ی‌ ئۆقره‌ ده‌گرن و خه‌وێکی باشیان ده‌بێت، یان ‌تێروته‌سه‌ل پشوو ده‌ده‌ن.

جاری وا بوو،‌ کاتژمێر دووی نیوه‌ شه‌و ده‌نگی ژنان ده‌هات، پاش ماوه‌یه‌ک که‌ له‌م کاته‌ ده‌رباز ده‌بوو، ده‌هاتنه‌ سه‌ر بیری ئاو و ئاویان به‌ سه‌تڵ هه‌ڵده‌کێشا و بۆ ژاندنی مه‌شکه‌ ده‌یان بردووه‌. ‌مه‌شکه‌ژاندن ده‌ستی پێده‌کرد، هه‌ندێکی تر که‌وڵی نانخواردنیان بۆ شوانان ڕاده‌خست و به‌ ماست، شیرێژ و روونی مه‌شکه،‌ خوانیان ده‌ڕازانده‌وه‌.
یه‌کێکی تریش به‌ کۆڵوو، ته‌پاڵه‌ یان به‌ کشپل ئاگری ده‌کرده‌وه‌ و چای وه‌سه‌ر ده‌نا. چڕه‌ی دووکه‌ڵ و بۆنی سووتانی کۆڵوو و ته‌پاڵه،‌ ئێمه‌شی وه‌خه‌به‌ر دێنا. ژیان له‌ گوندی ئه‌وا بوو. وه‌کو جغزی بازنه‌ بوو، که‌ به‌رده‌وام خولی ده‌خوارده‌وه‌ و ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌م بازنه‌ ته‌سکه‌دا به‌ده‌وری ژیان ده‌خولانه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی که‌ شوان و مه‌ڕ به‌ڕێ ده‌کران و سه‌گلووری سه‌یانیش ڕووی له‌ کزی ده‌دا‌، ده‌رفه‌تێکیش بوو بۆ ئێمه‌، که‌ له‌م که‌شوهه‌وایه‌ هێمنه‌ و تەزووی سه‌رمای به‌یانان سه‌رخه‌وێک بشکێنین، تا و‌زه‌یه‌ک په‌یدا بکه‌ینه‌وه‌ و کاروباری جێخوون به‌ڕێوه‌به‌رین. به‌ڵام ئه‌و سه‌رخه‌وه‌ گه‌لێک که‌م بوو، چونکه‌ نۆره،‌ نۆره‌ی بانگی به‌یانان بوو که‌ له‌ مزگه‌وته‌وه‌ ده‌هات.
مجێوری مزگه‌وت که‌ ناوی مارفه‌ ڕه‌ش (مام مارف) بوو، به‌ ده‌نگێکی ناخۆش و ناشاره‌زا له‌ گوتنه‌وه‌ی بانگی به‌یانیان، وه‌خه‌به‌ری دێناین‌. مام مارف سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ که‌ پیاوێکی پیر بوو، به‌ڵام له‌ جه‌سته‌دا گه‌لێک چڕ و زیندوو بوو. چوار وه‌رزی ساڵ دوگمه‌کانی که‌وای تا نزیک ناوکی ده‌کرده‌وه‌. له‌م کاره‌دا، زستان و هاوینی نه‌ده‌زانی. من و براکه‌م سه‌رمان له‌ کاته‌کانی بانگدانی مام مارف سوڕمابوو. ڕۆژێک کاتژمێری چوارونیوی به‌یانی بانگی ده‌دا، ڕۆژی دواتر پێنجی به‌یانی! ڕۆژێک چاره‌گێک بۆ پێنچ، هه‌ر ڕۆژی دواتر پێنج و نیو!

ئه‌و کاتانەی بانگدانی (مام مارف)مان لێ ببووه‌ گرێپووچکه‌ و نه‌مانده‌زانی بۆچی وا بانگده‌دا، سەرمان لەم سڕڕە دەرنەدەچوو و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان له‌ لا نه‌بوو، بڕیارمان دا که‌ (مام مارف)مان بینی، لێی بپرسین.
چه‌ند ڕۆژێک ده‌رباز بوو، به‌ره‌ به‌ری نیوه‌ڕۆ، مارفه‌ ڕه‌ش یاغر یاغر به‌ره‌و جێخوونی ئێمه‌ ده‌هات. که‌ هات، خێرا داوای چای لێکردین. منیش زوو بە کۆڵوو و تەپاڵە ئاگرم کرده‌وه‌ و کەتریم وەسەر نا. هه‌ر به‌ ئاگرکردنه‌وه‌ گوتم: مام مارف، بانگدانی تۆ بۆ ئێمه‌ بۆته‌ پرسیار. گوتی: جا له‌به‌رچی بابم؟
- من نازانم، ڕۆژێک کاتژمێر پێنجی به‌یانی بانگ ده‌ده‌ی، ڕۆژی دواتر پێنج و نیو. مامه‌ گیان، خۆ فه‌رق له‌ نێوان دوو کاتی بانگداندا ئه‌وه‌نده‌ نییه‌؟
- ئه‌رێ ڕۆڵه‌ چوو زانم، سه‌عاته‌که‌م خه‌را بووە و پەکی کەوتووە.* من شه‌وانه‌ سێ جار وه‌خه‌به‌ر دێم و کاری سه‌راوێم ده‌بێت. میزی یه‌که‌م نا، میزی دوومیش نا، به‌ڵام که‌ میزی سێیه‌مم هات، وه‌خه‌به‌ر دێم و بانگ ده‌ده‌م. جا ڕۆله‌ گیان، جاری وایه‌ میزی سێیه‌م ده‌رنگ یان زوو دێت، بۆیه‌ ئاوای لێ دێت و بە گوێرەی میزی سێیەم بانگی بەیانی دەدەم.

قه‌ره‌نی قادری / کوردستان

تێبینی:
* مام مارف، سه‌عاتێکی با‌غه‌ڵیی پێ بوو، به‌ڵام کاته‌کانی ئه‌و سه‌عاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌عاتی ره‌سمیی رادیۆ، ته‌له‌فزیۆن و هیی خه‌ڵک به‌ته‌واوه‌تی جیاواز بوو. کاتێک کاتژمێر دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ با، هیی مام مارف کاتژمێر شه‌ش (شەشی ئێوارە) بوو! که‌ کاتژمێر ده‌بوو به‌ دوازده،‌ مام مارف ده‌یگوت کاتژمیر (ده‌سته‌)یه‌. له‌ لای مام مارف ئه‌م کاته‌ (کاتی کوردی) بوو. له‌ چه‌ند پیره‌ مێرد و به‌ساڵاچووی گوندم پرسی، ئه‌وانیش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی (مام مارف)یان هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی مام مارف، بۆ ده‌ربڕینی کاته‌کان که‌ڵکیان له‌ کاته‌ ڕه‌سمییه‌کان وه‌ر ده‌گرت، هەروەها ئه‌وانیش به‌ کاتژمێر دوازده‌یان ده‌گوت: کات ده‌سته‌یه‌. بەساڵاچووانی گوند زۆر جار باسیان لە کاتژمێر و کاتی کوردی دەکرد.
ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
Facebook| My Yahoo| Twitter| google| Balatarin Balatarin
لیلانه ی|14 Jan 2012 - 11:31
کاک قه ره نی ده بێ که سێکی قسه خۆش بێ حه زی زۆری له قسه ی کۆن و خۆشی کورده واریه
من پێشتریش یه ک له وشته خۆشانه ی کاک قه ره نی نوسیویه تی خوێندۆته وه گه لێک خۆش بو
ئه ویان مام مارف نه بو به ڵکو پیرێژنێکی یه کجار قسه خۆش و دم کوێخای ناوچه که یه له مه نته قه یه کی شنۆ
هیوادارم ئه ویشمان بۆ لێره بنوسێته وه یان لانیکه م لینکه که دابنێ
ئومێد|14 Jan 2012 - 04:04
سڵاو
ئه‌رێ ویژدانه‌ن ئه‌وکات خۆشتر بوو یان ئێستا ؟ من ئێستاش بۆم بلوێ چایه‌کی به‌ که‌ڵه‌کوورانه‌ی ده‌شتی سۆفیان و به‌نده‌نه‌کانی بابخاڵاوێم به‌ هه‌زار چا و چاخانه‌کانی ناده‌م .
تۆ ئه‌و خودایه‌ی هه‌ر له‌ بانگه‌کانی مارفه‌ ره‌شی بێ فڕ و فێڵ و بانگه‌ ئازارده‌ره‌کانی مزگه‌وته‌کانی هه‌ولێر ؟ سۆفیان هه‌یبوو نه‌یبوو یه‌ک مزگه‌وت ویه‌ک بلێندگۆ ، له‌ ده‌ور و پشتی ئێستای خۆمان هه‌ر چه‌ندده‌مترێک و مزگه‌وتێک به‌ که‌ هیچ کامیان له‌ 6 بڵیندگۆیان که‌متر نییه‌ و هه‌ر هه‌مووشیان به‌ یه‌که‌وه‌ بانگ ده‌ده‌ن هه‌ر گوێ ناده‌نێ داخوا له‌ ده‌ور و به‌ریان نه‌خۆش ، منداڵی ساوا ، کارکه‌ری مانوو..... هه‌ن .
سه‌د خۆزگه‌ به‌ سه‌رده‌می مارفه‌ ره‌ش جا چا نه‌بوو هه‌رچی هه‌بوو راست و راست بوو ،، ئێستا بازاڕه‌و پڕ ئازاره‌ .
بگه‌ڕێوه‌ بۆ خۆزگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م ، ئاخخخخخخخ بۆ ئه‌و ده‌شتی
سیامک|13 Jan 2012 - 08:21
هر کسی کو دور ماند زاصل خویش باز جویدروزگار وصل خویش
عومه‌ر|13 Jan 2012 - 05:09
سڵاو مام قه‌ره‌نی ، ئه‌وه‌ چۆنه‌ وا که‌وتوویه‌ته‌ ‌بیری مام مارفه‌ ره‌شی ماڵوێران ؟ به‌ڵام به‌راستی بیره‌وه‌ریه‌کی زۆربه‌تام و خۆش بوو .

تۆش ده‌توانی به‌شداریی له‌و باسه‌دا بکه‌ی به‌ مه‌رجێک:
- به‌شداریت پێوه‌ندیی به‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێ نه‌ک ره‌خنه‌ له‌ که‌سایه‌تیی نووسه‌ران یان که‌سایه‌تیه‌کان
- زمانێکی وه‌هات به‌ کار نه‌هێنابێ که‌ رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ‌ڕێزی به‌ که‌س یان لایه‌نێکی تایبه‌تیی بزانێ





avatar
avatar
avatar

avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar


هه‌موو مافێکی ئه‌م ماڵپه‌ڕه پارێزراوه|بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ ئاماژه به سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت قه‌ده‌غه‌یه