RSS     Despek
ماڵه‌وه‌| هه‌واڵ| وتار| دیمانه‌| ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ر| نووسه‌ران| له‌ مێدیاکانه‌وه‌‌| رۆژهه‌ڵات‌تایمز و خوێنه‌ران| په‌یوه‌ندی
21 December 2014
بگه‌رێوه‌| ناردن بۆ دۆستان‌| چاپ| 1093 جار بینراوه‌| 15 بۆچوون|

زمانی ستانداردی كوردی دروست ناكرێ دەبێ بیدۆزینەوە

26 Jan 2012
avatar
سامڕەند
مامۆستا حسن زادە ڕای وابوو كە سیاسەت بۆتە كۆسپی دروستبوونی زمانی یەكگرتوو. سیاسەت نەك كۆسپی زمانە، بەڵكوو بە زەبری تلویزیۆنیان ریشەی لیباسی كوردیشیان ھەڵكێشا، ئەوە دوو! لە ھەر كەسەش دەپرسی نەكبەتیی كورد چیە دەڵێ ئەحزاب یەك ناگرن، ئەوە 3.

ئەوڕۆ وەك چۆن یەكێتی و ئیتیفاقی خەڵك بە ھۆی سیاسەتەوە بۆتە ئاوات و خەون، لیباسیش داماڵدرا، وامان لێھات بۆ زمانیش پەكو پەكو بكەین و بڵێین ئەی ڕۆ ئەی ڕۆ ... خۆزگەم بە زەمانێك كورد وەك یەك قسەی دەكرد!!! خۆزگەم بەو دەمی كە دوو كورد بێ موتەرجیم لێك حاڵی دەبوون. حسن زادە ئیشارە بەو مەجلیسەی دەكا كە دوو سەرگەورەی كورد لەوێ دیلمانجیان لە مابەینی دابوو، دە نا گەل تەقەی سەری دەھات لە گەڵ بیستن و گوێدان بە قسەوباسیان.

كەس نیە بڵێ كوردە جارێ لە كوێتە؟! ڕاوەستە ھەتا داب و ڕەسمی وێك ھەڵكردن و غەمخۆری و مشوورخۆری لە نێو خەلك و لە بنەماڵان دا ھەڵبگیرێ و بفەوتێ و ببێتە مۆدی كۆن، جا ئەو دەم بە خۆ دەزانین.

زمانی ستانداردی كوردی كە ئێستا وا چەتوونە و بە قەولی شاعیر: سەری لێ گێژە ھەزاران زانا، من وەك دەبینم پێشتر ھەمانبووە. زەمانی شێخ محمود و لە وەختی قازی دا و بگەڕێوە بۆ زوو لە سەردەمی مەحوی و نالی و مەلای جزیری دا. ئەو دەم ھێشتا ڕووناكبیر خۆی دە زمانی خەڵك ھەڵنەقوتاندبوو و وشەی بۆی دانەتاشیبوو. زەمانی 100 ساڵ لەوە پێش جارێ ڕووناكبیر تیۆریی بنەماڵەی زمانە ھیندوئوروپاییەكانی نەبیستبوو و لە زمانی باب و باپیری نامۆ نەببوو. دوای ئەوە ڕووناكبیر لە قسە كردنی كوردی كەوتە بیانوو و بە دوای وەھم و خەیاڵاتی زمانی ھیندوئوروپایی دا كەوتە دەستێوەردان و لووت و گوێ بڕینی زمانی باب و باپیران و تێگرتنی وشەی مەسنووعی و ھەڵقەندنی لۆغەتی كوردی. گەل بە دوای ئەوە دا كەوتە بژار كردنی زمانەكەی خۆی و ئەوە ھەشتا ساڵە ھەر وشەی لێ دەرداوێن و لە خەیاڵی خۆیانەوە بۆی دروست دەكەن و بە ڕێگای مێدیا و كتێبی دەرسی دا ڕەواجی پێ دەدەن. لێرە و لە ئاخری ڕێگا دا سەددێك دێتە پێشێ: زمانی یەكگرتوو!! زاناكان ھاوار دەكەن زمانی شەڕق و غەڕب یەك ناگرێتەوە و شیمال و جنووب لێك تێ ناگەن. كەس نێ بڵێ ئەی بلیمەتەكان! لە نەتیجەی ئەو قەڵت و بڕكردنەی ئێوەوەیە كە سەر و خوار و شیمال لێك حاڵی نابن.

لە نامەی شێخ محمود حاكمی كوردستان دا كەلیمەكان جورێكن كە خەڵكی سەرانسەری كوردستان لێی تێ دەگەن. چونكە ئەوە زمانی ھاوبەشی ھەموو میللەتەكەیە. ئەوە زمانی ستانداردی كوردییە، ھ ی بزوێنی بەو حەددە زۆرە نیە و ط و ظ و ث و ص و ض و شەددەی ھەیە و پێی دەوڵەمەندە. ئەو زمانەی شێخ محمود و قازی محمد و محوی و نالی و مەلای جزیری و فەقێ تەیران، زمانی كوردە و لە گەڵ تیۆرییەكەی ڕووناكبیر كە لە خەیاڵی خۆی دا زمانەكان دادەنێ و ڕێكیان دەخا و لێكیان دەكا، یەك ناگرێتەوە. ڕووناكبیر لێرە دا یان دەبێ زمانی باپیر و نەنكی ھەڵبژێرێ یان فڕێی دا. ئەگەر ھەڵدەبژێرێ زۆری عەڕەبییە، ئەگەر فڕێی دەدا دەبێ بۆ خۆی زەحمەتی دروستكردنی زمانێكی نوێ وە ئەستۆ بگرێ.

ئەمڕۆ ڕووناكبیر بە دوای خۆی دا گەل ڕادەكێشێ و خۆی و خەڵكیشی تووشی قوڕەكارییەكی سەخت كردووە. بۆ ھەر وشەیەی كە نەنكمان لە زاری ھاتۆتە دەرێ ئەو مەجبوورە لۆغەتێك دابنێ!!! ئەوەش جارێ ھەشتا ساڵی دیكە دەخاوێنێ ھەتا بە كوللی زمانەكەمان لە لۆغەتی باپیران و داپیرانمان بەتاڵ دەكەنەوە و لە كەلیماتی فارسیی ساختە و یان داتاشراوی دەئاخننەوە. بۆیە كوردی شوێنەكان لێك تێ ناگەن و موتەرجیمیان لازمە.

زمانی فارسی 80 ساڵ لەمەو پێش كەوتە ھەڵدێرێكی خەتەرەوە. ئەوانیش وەك ڕووناكبیری ئەمڕۆی خۆمان كەوتنە دوژمنایەتی لە گەڵ زمانی خۆیان و دەستیان كردە ڕا كردن لە دەست زمانەكەیان و داتاشینی وشە و وەرگرتن لە ھیندێك جێ. وای لێ ھات خەریك بوو كەس لە كەس حاڵی نەدەبوو و كەس خەتی كەسی نەدەخوێندەوە. ئاخری مەجبوور بوون گەڕانەوە سەر عەڕەبی و ئەوەش بناغەیەكی ھاوبەش دەدا كە لە ئێران دا قەومەكان وێكڕا بتوانن قسەی پێ بكەن. مەسەلەن وەختێك لە فارسی دا دەڵێ "حق" ئەوە بۆ كورد و تورك و بلوچ و عەڕەب و توركمان و خوراسانی و لوڕ و شیرازی وەك یەك قابیلی فامە و ئی ھەمووانە. یان كە دەڵێ انسان، بشر، عدالت، عقل، فوت، خیال، اعتبار، شكایت، صبر، ... و بە ھەزاران مەفھوومی دیكە لە ھەمبانەی زمانەكە دا ھەیە خەزێنەیەكی ھاوبەشی ھەموو قەومەكانە و بە مڵكی خۆیانی دەزانن، لێی حاڵین و وەك ئێسك و ستونی فەقەڕات پێكەوەی ڕاگرتوون. لێرە دا چەند قازانج بەو گەلە گەیشتووە:
1 – وەك باب و باپیران قسە دەكرێ
2 – ھەموو قەوم و زاراوەكان بە ھاسانی لێی حاڵی دەبن
3 – زەحمەتی داتاشینی وشەی تەركیبی و دوورودرێژ و نامۆ لە كۆڵ بۆتەوە
4 – زمانەكە دەوام و قەوامی دەبێ و بەقای پێ دەكرێ

لێك حاڵی نەبوونی كوردان ئی زاراوە و لەھجە نیە لە ئەسڵ دا. ئی ئەو ھەموو وشە داتاشراوە ناڕەسەن و نامۆیەیە كە لەو 80 ساڵە دا ڕووناكبیر بۆ خۆ گونجاندن لە گەڵ تیۆریی بنەماڵەی زمانە ھیندوئوروپاییەكانە كە واریدی زمانی باب و باپیرانمانیان كرد. من پێم وایە بۆ ئەوەی كوردی سەرانسەری كوردستان لێك حاڵی بن ڕێگا ئەوەیە كە لێ گەڕێین زمانی باب و باپیرانمان ئی زەمانی شێخ محمود و قازی و خانی و جزیری و نالی و محوی و سالم بێتەوە نێومان و قسەی پێ بكەین. لەوە نەترسێین كە ئەو وشانە عەڕەبین. ئێمە بەڵگەیەكمان نیە كە نیشان بدا خەڵكەكەمان بە غەیری بەو لۆغەتە قسەیان كردبێ. ئەگەر لەوحەیەكمان ھەبووایە و لە بن خۆڵ دەرمانھێنابایە كە لەو دا زمانێك غەیری ئەو شێوەیەی باپیرمانی لە سەرە، ئیدی حەوجێ بە قەرز كردن لە فارسی و داتاشین لە خۆمانەوە نەبووین. وەختێك زمانی كوردی لە گەڵ تیۆریی ھیندوئوروپایی نەگونجێ دەبێ تیۆرییەكە بگۆڕدرێ نەك زمانەكە. ئەوە دیارە ئەو تیۆرییە غەڵەتە. ئەو تیۆرییە نەك ھەر بۆ كوردی سیدق ناكا بەڵكوو بۆ باقی زمانەكانیش لەو مەنتەقەیە دا جواب ناداتەوە.

چۆنە ئێرانێك كە 9 قەومی تێدایە زمانێكی وای تێ دا ڕایجە كە ھەموو لێی حاڵێن، بەڵام كورد كە یەك قەومە لە نێو خۆی دا لێك حاڵی نابێ؟ تازە دوای 80 ساڵ ناسیۆنالیسم لە جیاتی لێك نزیك بوونەوە لێك دەكشێنەوە و موتەرجیمیان لازمە!!! دەلیلەكەی ئەوەیە كە لە فارسی دا بەشی زۆری لۆغات كە عەڕەبییە پارێزراوە و ئەوان بۆ ھەموو قەومەكان ناسراون، كەچی لە كوردی دا ئەو بەشە عەڕەبییە كە بۆ ھەموو بەشەكان ناسراوە تەرك كراوە و وشەی داتاشراوی لە جێی داندراوە. ئەو لووت و گوێ بڕینەی زمانی باب و باپیرانمان لەو ساڵانەی ئاخری دا شیددەتی پێدراوە و وای لێ ھاتووە بەعزێك زۆر بە ئاڵۆزی و بە زەحمەتەوە قسان دەكەن. ھەتا ڕیزێك كەلیمە لە ناوچەیەك دەبێتە باو، ناوچەیەكی دیكە لەو ڕیزە مەفھوومە دەبنە بێگانە. دوا رۆژ لەوانەیە سیاسەت وا بكا خەڵك لێك زیاتر دوور بكەونەوە. زمان ھەوێنە بۆ لێك حاڵی بوون و ئەو ھەوێنە كە لە وشە دا خۆی دەبینێتەوە خەریكە قوماری پێ دەكرێ. ھەر وەخت ڕوناكبیر لێ گەڕا خەڵك بە زمانی خۆی قسەی كرد، ئەو دەمە زمانی ستانداردی كوردیمان دۆزیوەتەوە.
ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
Facebook| My Yahoo| Twitter| google| Balatarin Balatarin
rzgar bokani|31 Jan 2012 - 01:32
ئەم بابەتە لە کورد پریس گیراوە, پەیوەندی بە بابەتەکەوە بوو بویە پیم خوش بوو داینێن.

خه‌سارناسی وشه‌سازی له‌ زمانی کوردیدا/(1) کامران ڕه‌حیمی
لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی شیکاری و ڕه‌خنه‌یی ده‌رباره‌ی کێشه‌کانی وشه‌سازی
کوردپرێس- کامران ره‌حیمی: زمانی کوردی به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستانی ئێران هه‌نووکه‌ ده‌رفه‌تی فێرکاری گشتی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌... شیاوترین و لۆژیکترین ئێستڕاتێژی بۆ ئه‌م کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پڕۆژه‌ی وشه‌سازی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ فێرکاری گشتیدا به‌ره‌و پێش بڕوات.
کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن زمان و ئه‌زموون هه‌رچه‌ند به‌ ئاسته‌م و ورده‌ ورده‌ چۆته‌ بازنه‌ی شارستانیه‌تی مۆدێرنه‌وه‌ به‌ڵام ته‌نیا زانستی چه‌ند لایه‌ن و ڕاپه‌ڕینی زمانی ده‌توانێت له‌م گێژاوه‌ ڕزگاری بێت. بێگومان هه‌ر بوونه‌وه‌رێک ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی "زوزێ"وه‌، ده‌توانێ نه‌سڵ و ڕه‌گه‌زی خۆی له‌ فه‌وتان ڕزگار بکات. زمانیش وه‌کوو هه‌ر بوونه‌وه‌رێک ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی وشه‌سازییه‌وه‌ ده‌توانێ خۆی بپارێزێت. درسلر (dressler) ده‌ڵێێ: "که‌ڵک وه‌رنه‌گرتن له‌ پرۆسه‌ی وشه‌سازیدا یه‌کێک له‌ نیشانه‌کانی مه‌رگی زمانه‌" (بخارا، ش63:224).
له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ شێوه‌ی زانستییانه‌ و چالاکانه‌ له‌ سه‌ر زمانی به‌ تایبه‌ت له‌ بواری وشه‌سازیدا کار نه‌کات. ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا زمانه‌که‌ی نه‌زۆک بکه‌وێته‌وه‌. ورده‌ ورده‌ پرۆسه‌ی نه‌مان و فه‌وتانی ده‌ست پێ بکات. ئه‌م مه‌ترسییه‌ تایبه‌تتره‌ بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ که‌ سنوور و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییان نییه‌ و هه‌روه‌ها خاوه‌ن په‌روه‌رده‌ و فێرکاری گشتی نین و له‌گه‌ڵ گه‌لانی تردا تێکه‌ڵن.
به‌لای منه‌وه‌ پرۆژه‌ی وشه‌سازی له‌ کوردیدا به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی سێ گرفت بووه‌ته‌وه‌: یه‌که‌م، نه‌بوونی به‌رنامه‌ و پلانێکی تایبه‌ت له‌م زه‌مینه‌دا. دووهه‌م، ئاماده‌بوونی ڕوانگه‌یه‌کی سه‌له‌فیانه‌ بۆ زمان که‌ دژ به‌ وشه‌سازی ده‌وه‌ستێ.
سێهه‌م، ئه‌و بۆچوونه‌ که‌ ده‌ڵێ چاکترین شێوه‌ که‌ڵک وه‌رگرتن و کارهێنانی خودی وشه‌ بیانییه‌کانه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌و که‌سانه‌ی دژ به‌ وشه‌سازین به‌ کارێکی پێویست نازانن به‌ گومانم تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئاگایان له‌ واقیعێ زمانی کوردی نییه‌ و خۆیان و زمانه‌که‌یان داوه‌ته‌پاڵ، دروشمێکی ڕه‌سه‌نایه‌تی خوازانه‌.
ئێمه‌ وه‌ک کورد له‌ چوار وڵاتدا ده‌ژین و زمانه‌که‌مان له‌گه‌ڵ سێ زمانی کوردی و تورکی و عه‌ره‌بی له‌ دانوستاندایه‌ و به‌رده‌وام وشه‌ و ده‌سته‌وشه‌ی ئه‌و زمانانه‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر زاری ئاخێوه‌رانی زمانی کوردی و ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئێمه‌ ئه‌مه‌ وه‌ک دۆخێکی ئاسایی چاو لێبکه‌ین و له‌ زمانی نووسینیشدا ئه‌م دۆخه‌ بچه‌سپێ ماوه‌یه‌کی زۆری پێ ناچێ بۆ فێربوونی زمانی کوردی ناچار ده‌بین ئه‌و سێ زمانه‌ی تریش فێربین. و له‌ واقیعدا دۆڕاندنی ڕه‌سه‌نایه‌تی زمانه‌ که‌شی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.
هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ ڕووناکبیران و نووسه‌ران سه‌رنج بۆ ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌ ڕابکێشن ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ وشه‌ نوێ و داتاشراوانه‌، که‌ ئێستا هه‌مانه‌، نه‌بوایه‌، زمانی کوردی ئێستا له‌م ئاسته‌دا نه‌بوو. به‌ڵکوو دواکه‌وتووانه‌ وه‌کوو ڕابردوو و ته‌نیا زمانیی شیعر و گۆرانی بوو.
به‌ کورتی پڕۆژه‌ی وشه‌سازی لای ئێمه‌ی کورد که‌متر له‌ نیوسه‌ده‌یه‌، ده‌ستی پێکردووه‌ و ده‌بێ وه‌کوو هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک، به‌ جیددی بخوێنرێته‌وه‌ و خه‌سارناسی بکرێت و لایه‌نه‌ باش و خراپه‌کانی ده‌ستنیشان بکرێت تا له‌ داهاتوودا به‌ شێوه‌یه‌کی باشتر و پسپۆڕانه‌تر ئه‌م جمشته‌ ڕێبه‌ری بکرێت.

1- ناسیۆنالیزم و فره‌وشه‌سازی
وشه‌سازی و هاوتاسازی به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ زمانێکی په‌تی و ڕه‌سه‌ن له‌ کوردی نووساریدا زۆر به‌رچاوه‌. تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌گه‌ر چه‌ند دێڕێکی کتێب یان ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ دواییه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێت. تێده‌گه‌ی ده‌قه‌کان زیاتر له‌ 90% به‌ کوردی په‌تی نووسراون. بێگومان بیری په‌تی نووسین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستییه‌ بۆ زمان.
ڕۆشنبیری کورد تێکۆشاوه‌ تا به‌ پێکهێنانی زمانێکی ڕه‌سه‌ن، سنوورێ بۆ خۆی دیاری بکات. پاشان بۆ ئه‌وه‌ی سنووری وڵاته‌که‌ی پته‌وتر و به‌رچاوتر بکاته‌وه‌ زمانه‌که‌ی په‌تیتر و کوردیتر کردووه‌ له‌ کاتێکدا پێویست نییه‌ زمانێک ئه‌وه‌نده‌ په‌تی بکرێته‌وه‌. ئێستا له‌ جیهاندا هیچ زمانێک نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ 100% په‌تی بێت. هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه‌ ته‌نیا زمانی خێڵه‌ دواکه‌وتووه‌کانی ئامازۆن و ئه‌فریقا و ... به‌هۆی نه‌بوونی دانوستان و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌یان ڕه‌سه‌ن مابن.
بۆ نموونه‌ زمانناسان له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون له‌ 9903 وشه‌ی ڕۆمانی 3566 وشه‌ بیانین (احمدی گیوی، 13:1372). یان زمانی فارسی به‌و ده‌سه‌ڵات و مێژوو کۆنه‌وه‌ پڕه‌ له‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی و مه‌غوولی و تورکی و ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی و کوردی و ته‌به‌ری و مازه‌نده‌رانی و سوغدی و ... له‌مباره‌وه‌ مامۆستا به‌هار له‌ کتێبی "سبک شناسی" دا ده‌نووسێ: "له‌ سه‌ده‌کانی شه‌شه‌م، حه‌وته‌م و هه‌شته‌م په‌خشانی فارسی 80% عه‌ره‌بییه‌..."(بهار، 121:1349). هه‌ر ئێستاش هه‌ر ده‌قێکی فارسی لێکبدرێته‌وه‌ نێزیک به‌ شه‌ست له‌ سه‌تی ته‌نیا عه‌ره‌بیه‌... که‌چی له‌ هه‌موو جیهان فارسی وه‌ک زمان ناسراوه‌ و له‌ هه‌موو بوارێکدا توانایی و چالاکیی هه‌یه‌.
پێویست به‌ وتنه‌ بیری په‌تی نووسین له‌ فارسیدا که‌ له‌ سه‌رده‌می ڕه‌زاخان ده‌ستی پێکرد ئێستا بڕه‌ویکی وای نه‌ماوه‌.
ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیستی به‌ زمانی کوردی لایه‌نی باشیشی هه‌بووه‌ که‌ لێره‌دا به‌ کورتی ئاماژه‌ی پێده‌که‌ین:
1- زمانی کوردی بۆته‌ زمانی نووسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری و سیاسه‌ت و وه‌رگێڕان و ...
2- هه‌زاران وشه‌ی نوێ و جوان و ڕێک و پێک هاتوونه‌ته‌ نێو زمانی کوردییه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ مایه‌ی بووژانه‌وه‌ی زمانی کوردی.
3- ده‌رفه‌تێکی بۆ زمانی کوردی ڕه‌خساندووه‌، ئه‌گه‌ره‌کان و تواناکانی خۆی بنوێنێ.
4- پرۆژه‌ی وشه‌سازی، زمانی کوردی له‌ نه‌زۆکایه‌تی ده‌رباز کرد.
5- ڕه‌سه‌نایه‌تی زمانی نووسین تا ڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر زمانی قسه‌کردنی خه‌ڵک کاریگه‌ری هه‌بووه‌.
به‌ڵام لایه‌نی خراپی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ بۆ زمان ئه‌وه‌یه‌ زمانی کوردی به‌هۆی نه‌بوونی باڵانس و ته‌وازون له‌ نێوان فێرکاری گشتیی و فروشه‌سازیدا بۆته‌ زمانێکی ده‌ستکرد و تا ڕاده‌یه‌ک پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک دۆڕاندووه‌. بۆ وێنه‌ له‌ کوردستانی ئێران زۆربه‌ی حه‌وته‌نامه‌کان، گۆڤاره‌کان، وه‌رزنامه‌کان جیا له‌ "سروه‌" به‌شێک له‌ وتاره‌کانیان بۆ زمانی فارسی ته‌رخان کردووه‌. ئه‌م کاره‌ ناتوانێ به‌ شێوه‌یه‌کی پاڵه‌کی نیشانده‌ری ئه‌وه‌ بێت. زۆربه‌ی خه‌ڵک له‌م زمانه‌ تێناگه‌ن و نایزانن، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک بڵێن ئه‌م کاره‌ بۆ دروستکردنی پردێکه‌ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ تایبه‌ت فارس. به‌ڵام ئه‌م تێڕۆانینه‌ کاتێک راسته‌، چاپه‌مه‌نیه‌کان به‌ شێوه‌ی ڕۆژنامه‌ی سه‌رانسه‌ری بڵاو بن نه‌ک ناوچه‌یی.
ئه‌م ده‌ستکردی بوونی زمان به‌ ڕاده‌یه‌ک لای نووسه‌ران و شاعیران باو بووه که ڕسته‌ی‌ ‌ "کابرا کوردی نازانێ..." له‌ گه‌ڵ خۆی هێناوه‌ته‌ نێو گه‌مه‌که‌. خودی ئه‌م ڕسته‌ تا ڕاده‌یه‌ک نیشانده‌ری ده‌ستکردی بوونی و نه‌ک سرووشتی ‌ئه‌م زمانه‌یه‌ ، ئه‌گینا چۆن ده‌بێ کوردێکی خوێنده‌وار، زمانی‌ دایکی خۆی نه‌زانێ، بێگومان مه‌به‌ستی نووسه‌رانی کوردی زان ، نه‌زانینی زمانی نووسینه‌ و فامکردنی وشه‌ داتاشراوه‌کانه‌، چونکوو هه‌ر که‌سێک به‌ شێوه‌ی سرووشتی ئاگادارییه‌کی ته‌واوی هه‌یه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی زمانی دایکی خۆی. وه‌ک: ڕێزمان، ده‌ربڕینی وشه‌، ده‌زگای واچی و مانایی.
فره‌وشه‌سازی له‌ زمانی کوردیدا به‌و قۆناخه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ بۆ وشه‌گه‌لێک هاوتاسازی کراوه‌ که‌ نموونه‌ی له‌ دیکه‌ی زمانه‌ ئێرانییه‌کان له‌ ئێران و ئه‌فغانستان و تاجیکستان و پاکستان نه‌بینراون بۆ وێنه‌: کۆمار، سه‌رۆک، نه‌ته‌وه‌، گه‌ل، گۆڤار، بنه‌ما، سه‌رچاوه‌، لاپه‌ڕه‌، ئه‌ندازه‌یار، ڕێنووس، به‌رکار، کۆمه‌ڵ، هۆنراوه‌، ده‌ق، وێژه‌، ده‌نگ (vote)، تومار، ... .
ئایا هاوتای ئه‌و وشانه‌ له‌ زمانی فارسیدا نییه‌ یان فارس به‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ناتوانن بۆ زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ که‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌ سه‌ر زاری خه‌ڵکن واتاسازی بکه‌ن؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ڕوونه‌. چونکوو به‌ ورده‌ سه‌رنجێک له‌ زمانی فارسی و گه‌ڕانێک له‌ نێو قامووسه‌کاندا سه‌دان وشه‌ ده‌بینین که‌ ده‌توانن بۆ هاوتاسازی به‌ کاریان بیبه‌ن بۆ وێنه‌:
چنگار (له‌ به‌رامبه‌ری سه‌ره‌تان)، خدو (بزاق)، اخشیج (تناقض، عنصر)، اهنجیده‌ (انتزاعی)، ایشنه‌ (جاسووس)، پالوغ (مقایسه‌)، بیوسیدن (طمع داشتن)، وچر (فتوا)، وچرگر (مفتی)
بوسه‌ و نظرت حلال باش باری
حجت دارم بر ای سخن ز وچرگر
(لبیبی سه‌ده‌ی 4)
به‌ڵام قه‌ت ئه‌م وشانه‌ کاربردیان نه‌بووه‌ چونکوو ده‌وری سه‌ره‌کی زمان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی په‌یامه‌ به‌ یارمه‌تی وشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ بواری وشه‌سازیدا فره‌کاری (ئیفرات) بکرێت پێوه‌ندی زمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک هه‌ڵده‌پچڕێ پاشان له‌ ئه‌نجامدا زمانێکی ده‌ستکرد و ڕه‌مزی پێکدێت که‌ ته‌نیا نووسه‌ران تێده‌گه‌ن و پێی ده‌نووسن له‌ کاتێکدا زمان بۆ تێگه‌یشتنه‌ نه‌ک بۆ تێکدان....
بێگومان گرنگترین ئه‌رکی وه‌رگێڕان و زمانه‌وانانی کورد له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا کۆکردنه‌وه و ده‌سته‌به‌ندی وشه‌ بیانییه‌کانه‌؛ پاشان هاوتاسازیه‌ بۆ ئه‌و وشانه‌، که‌ پڕکاربردن. چونکوو پێویست نییه‌ بۆ هه‌موو وشه‌ بیانییه‌کان که‌ له‌ سه‌ر زاری خه‌ڵکن هاوتاسازیان بۆ بکرێت.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ گه‌لێک وشه‌ هه‌ن که‌ نێونه‌ته‌وه‌یین و له‌ هه‌موو زمانانی جیهاندا جێگربوونه‌ ئیتر زۆر پێویست نییه‌، ئێمه‌ خۆمان بۆ هاوتاسازی ئه‌و وشانه‌ ماندوو بکه‌ین بۆ وێنه‌: ئۆکسیژن، ئیدرۆژن، ئینرژی، ته‌له‌فزیۆن، ته‌له‌فۆن، ڕادیۆ، کۆنگره‌، گرافیک، ترافیک، سینه‌ما، فیلم، کراوات، پیتزا، سالاد، سوپ و ....
هه‌لبه‌ت هاوتاسازی و وشه‌سازی وێڕای نواندنی تواناییه‌کانی زمان، زه‌خیره‌ی زمانیش چاڵاک ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ زۆر باشه‌ به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان کرد فره‌کاری له‌م بواره‌دا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی و ته‌نانه‌ت خوێنه‌ری ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌ زمانی خۆی دوور بکه‌وێته‌وه‌ پاشان نووسینی ده‌ق بێ مانا ده‌بێت. رۆشنبیرانی کورد ده‌بێ ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌ له‌به‌رچاو بگرن که‌ زمانی کوردی به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستانی ئێران هه‌نووکه‌ ده‌رفه‌تی فێرکاری گشتی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌...
شیاوترین و لۆژیکترین ئێستڕاتێژی بۆ ئه‌م کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پڕۆژه‌ی وشه‌سازی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ فێرکاری گشتیدا به‌ره‌و پێش بڕوات یان بۆ وشه‌ بیانییه‌کان هاوتاسازی بکه‌ین به‌ڵام هه‌ر خودی وشه‌ بیانییه‌کان ماوه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌کار بهێنن پاشان کاتی خۆی جێگریان بکه‌ین. هه‌ر ئه‌و کاره‌ که‌ ئاکادێمی ئێران یان تورکه‌کانی ئێران ده‌یکه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت له‌ دانوستاندن و قه‌رزکردنی وشه‌دا ڕه‌نگه‌ به‌ ڕێکه‌وت دۆخێک سه‌رهه‌ڵبات که‌ وشه‌ بیانییه‌کان له‌ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژدا له‌ نێو زمانه‌که‌دا به‌ جل و به‌رگی تازه‌ و مانای جیاواز و ده‌ربڕینی تایبه‌تی کوردییه‌وه‌ ببن به‌ وشه‌یه‌کی خوماڵی وه‌کوو ئه‌م وشه‌ عه‌ره‌بیانه‌ که‌ له‌ فارسیدا مانایان گۆڕدراوه‌ و ئێسته‌ بوونه‌ته‌ موڵکی زمانی فارسی:

عه‌ره‌بی
فارسی- عه‌ره‌بی
کوردی
شعبه
ملت
نه‌ته‌وه‌
قومی
ملی
نیشتمانی
مجتمع
جامعه
کۆمه‌ڵگا
مفاوضه‌
مزاکره‌
...
سکان
جمعیت
جه‌ماوه‌ر
قناه
شبکه
تۆڕ

له‌ زمانی کوردیشدا ده‌توانین به‌م وشانه‌ ئاماژه‌ بکه‌ین که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژدا ره‌نگ و بۆنی کوردی به‌ خۆیان گرتووه‌ بۆ وێنه‌:
هه‌وه‌جه‌ (حاجت)، بۆسو‌ڵمان (مسلمان)، هه‌ڵه‌/خه‌ڵه‌ت (غلط)، فام (فهم)، سپڵه‌ (سفله‌)، یانێ (یعنی)، مانا (معنی)، سوژده‌ (سجده‌)، گیروگرفت (هه‌ره‌گیر و گرفتی فارسیه‌ له‌ چاوگی "گرفتن" که‌ له‌ کوردیدا چاوگی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌بێته‌ گرتن)، خزمه‌ت (خدمت)، هه‌واڵ (احوال)، باس (بحث)، زامه‌ت (زحمت)، خه‌ڵک (خلق)، خوڵک (خلق)، شلوق (شلوغ)، متمانه‌ (مطمئن) و...

2- جیابوونه‌وه‌ی زمانی نووسین له‌ زمانی قسه‌ کردن
له‌ هه‌ر زمانێکدا چه‌ند چه‌شنه‌ زمان (variety) وه‌ک نووسین، ئیداری، وه‌رگێڕان، شیعر، وێژه‌ و ئه‌ده‌ب، ئاخافتن و... هه‌یه‌. له‌ ڕابردوودا ئه‌دیبه‌ سه‌له‌فییه‌کان، زمانی ئه‌ده‌بیان به‌ بناغه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌کانی زمان ده‌زانێ، به‌ڵام دوای پێشکه‌وتن و گۆڕانکاری زانستی زمانناسی، ئێسته‌ ئه‌م بابه‌ته‌، بابه‌تێکی سه‌لمێندراوه‌ که‌ زمانی ئاخافتن زمانی سه‌ره‌کی و بناغییه‌. هه‌روه‌ها زمانناسان و ڕه‌خنه‌کارانی گه‌وره‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جه‌خت ده‌که‌ن که‌ باشترین و شیاوترین و به‌هێزترین زمان، زمانێکه‌ که‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانی قسه‌کردنی خه‌ڵک پته‌وتر و نزیکتر بێت. چونکوو سه‌رچاوه‌ی زمانی نووسین له‌ بناغه‌دا زمانی ئاخافتنه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ زمانی نووسین شان به‌ شانی زمانی قسه‌ کردن به‌ره‌و پێش بچێت. فێربوونی بۆ هه‌موو خه‌ڵک له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا ئاسانتره‌. چونکوو زمانی قسه‌کردن به‌هۆی گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌موو ئاستێکدا وه‌ک: وشه‌ و واچ و مانا و رێزمان ده‌گۆڕێ له‌ کاتێکدا زمان نووسین به‌هۆی نووسین و تۆماکردن تا ڕاده‌یه‌ک زمانێکی نه‌گۆڕتره‌.
هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ زمانی نووسین و زمانی زانستی له‌گه‌ڵ زمانی لادێیه‌کان و کۆچه‌ره‌کان یان کووچه‌ و کۆڵانه‌کان یه‌کێک بن. به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانکاری و بوژانه‌وه‌ی زمانی نووسین ده‌بێ له‌ سێبه‌ری زمانی ئاخافتندا بێت. ئه‌گه‌ینا جیابوونه‌وه‌ی زمانی نووسین له‌ داهاتوودا قه‌یرانی تێگه‌یشتن به‌هێزتر ده‌کات. هه‌ر ئه‌و کێشه‌ که‌ ئێستا زمانه‌کانی کۆنه‌ ره‌سمی، وه‌کوو فارسی، ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی و عه‌ره‌بی و... تووشی بوونه‌. بۆ وێنه‌ خوێنده‌وارانی ئینگلیزی به‌ سه‌ختی له‌ زمانی چاسر و شکسپیر تێده‌گه‌ن له‌ فارسیش هه‌روایه‌ بۆ نموونه‌ له‌ کاتی ڕه‌سمی بوونی فارسی ده‌ری له‌ سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچیدا هه‌موو ده‌قه‌کان به‌ تایبه‌ت شیعر به‌ زمانی قسه‌کردن نزیک بوون هه‌ر بۆیه‌ ئێستا یه‌که‌مین کتێبی په‌خشانی فارسی یانی "شانامه‌ی ئه‌بوو مه‌نسووری" یان "تاریخی به‌لعه‌می" بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵک ته‌نانه‌ت قوتابیانی سه‌ره‌تاییش که‌م تا زۆر فام ده‌کرێت.
به‌ڵام له‌ سه‌ده‌ی شه‌شه‌مه‌وه‌ تا په‌نجا ساڵی ڕابردوو- که‌ ساده‌نووسین له‌لایه‌نی نووسه‌رانی نوێخوازی وه‌کوو عه‌ڵامی، قائم مه‌قامی فه‌راهانی، موحه‌ممه‌د عه‌لی جه‌ماڵزاده‌، سادیق هه‌دایه‌ت و ... گرنگییه‌کی ئه‌وتۆ پێدرا- زمانی فارسی ده‌ری به‌ وته‌ی "داریووش ئاشووری" بۆته‌ "زمانی ده‌ری وره‌ی" (واتا: زمانی لاژه‌لاژ). هه‌ر ئه‌م رۆشنبیره‌ ده‌نووسێ: "گه‌وره‌ترین گیروگرفتی په‌خشانی فارسی جیابوونه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی زمانی نووسینه‌ له‌ زمانی قسه‌کردنی خه‌ڵک که‌ له‌ ئه‌نجامدا گه‌یشته‌وه‌ ئاستێک که‌ ئێستا ده‌توانین بێژین بوونه‌ته‌ دوو زمانی جیا له‌ یه‌ک. بێگومان له‌ هه‌ر زمانێکدا ئه‌م جیابوونه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ک سروشتیه‌ به‌ڵام له‌ زمانی فارسیدا ئه‌مه‌ بۆته‌ به‌ قه‌یران، جا ئه‌م کێشه‌ به‌ باشی نیشان ده‌دات که‌ خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌گه‌ر بخوازن دێڕێک بنووسن، ساده‌ترین و سروشتی ترین ڕسته‌کان که‌ له‌ به‌رده‌ستیاندایه‌ فه‌رامۆشی ده‌که‌ن و له‌ شوێنی رسته‌گه‌لێکی ئاڵۆز ده‌گه‌ڕێن که‌ ئه‌نجامی وه‌ها نووسینێک، نووسینێکی گه‌مه‌وقه‌ژمه‌رییه
‌ (ئاشووری 1375: 14)".
ئه‌مڕۆژه‌ ساده‌نووسین به‌هۆی چاپه‌مه‌نی زۆر و فێرکاری گشتی، وه‌ڕگێڕان، ڕۆژنامه‌وانی، کاریگه‌ری زمانناسی و... له‌ زۆربه‌ی زمانه‌کانی جیهان گرنگی پێده‌درێ تا ڕاده‌یه‌ک که‌ ئێستا له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن وه‌کوو ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له‌ جێگه‌ی هه‌واڵه‌کان به‌ زمانی ڕه‌سمی، هه‌واڵه‌کان به‌ زمانی خه‌ڵکی ئاسایی بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ زمانی کوردی تا ئێسته‌ بیر له‌م دۆخه‌ نه‌کراۆته‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌و کێشه‌ی که‌ باسمان کرد ببێته‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌کانی زمانی کوردی.
بۆ ئه‌نجام گه‌یشتنی باسه‌که‌ پێویسته‌ ئاوڕ بده‌ینه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌کانی ڕابردوو بۆ وێنه‌ زمانی نووسراوه‌کانی مه‌حوی و نالی و فایه‌ق بێکه‌س و مامۆستا هه‌ژار و شوکور مسته‌فا و عه‌لائه‌ددین سه‌جادی و... له‌ ده‌یه‌کانی پێشوودا ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ و به‌ زمانی خه‌ڵک نزیکن که‌ نه‌ ته‌نیا بۆ کورده‌ سۆرانییه‌کان به‌ڵکوو بۆ زاراوه‌کانی تریش وه‌ک کوردی باشووریش له‌ ئیلام، کرماشان و خانه‌قین... فام ده‌کرێت.
لێره‌دا وه‌کوو به‌ڵگه‌، چه‌ند ده‌قی ساده‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ تا به‌ باشی بزانین ئه‌وانه‌ که‌ هه‌مووی ته‌مه‌نیان له‌گه‌ڵ زمانی کوردی ژیاون دوای په‌نجا ساڵ نووسه‌ری به‌ چ شێوه‌یه‌ک نووسیویانه‌:
شوکر موسته‌فا ره‌حمه‌تی له‌ گۆڤاری ئاکادمی ده‌نووسێ:
"ئه‌وت له‌ بیر نه‌چێ که‌ سیفه‌تی کارایی ئه‌گه‌ر "نده‌"ی له‌ پاشه‌وه‌ پێوه‌ بلکێ"
"ڕاستیت گه‌ره‌که‌، ناکرێ لێره‌دا من هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی زمانی کوردی هه‌س گشتی له‌م وتاره‌دا وه‌سه‌ر که‌مه‌وه‌؛ دیاره‌ مه‌رامم له‌ وه‌بیر هاوردنه‌وه‌ی ئی قاڵب و میساله‌یله‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سێ خۆی ئه‌ڕای زاراوه‌ داڕژترین خڕهاڵ داوێ ته‌نیا زمان زانی به‌ش کاره‌که‌ نێکا..." (مسته‌فا شوکور، ئاکادێمی، ژا، 2002: 125)
یان مامۆستا هه‌ژار له‌ پێشه‌کی هه‌نبانه‌ بۆرێنه‌ ده‌نووسێ:
"‌هه‌ر وشه‌یه‌ک بۆنی عاره‌بیه‌کی کونی یان فارسییه‌کی مردووی هه‌زار ساڵه‌ی لێ بێت ئه‌و زانا کوردپه‌روه‌رانه‌ پێ شێت ده‌بن وه‌ک دزێکیان له‌ ناوکادێن دا گرتبێ... ده‌یده‌نه‌ به‌ر پلار و جوێن؛ کارێکی به‌سه‌ر ده‌هێنن دۆم به‌ ژنێ خۆی نه‌کردبێ ئاوڕووی وێژه‌ری وشه‌که‌ش به‌ مه‌ردی کاورای پیوازفرۆش ئه‌وه‌ن! مه‌ڵێ قه‌ڵه‌م، بێژه‌ پێنووس، مه‌یژه‌کاغه‌ز! بویشه‌ تێنووس. نه‌بیژه‌ ده‌فته‌ر بڵێ په‌ڕاو."
- ئێمه‌ ئه‌بێ زوانه‌که‌مان له‌ وشه‌گه‌لی بیانی و نامۆ هه‌ڵوه‌ژێرین
- خێره‌ ئیشاڵڵا، ده‌ی خودا موباره‌کی کات
- "مباره‌ک" و "خیر" و "ئیشاڵڵاش" له‌وانه‌ن که‌ ده‌بێ شاربه‌ده‌ر که‌ین ، که‌سیش نییه‌ په‌نامه‌کی ده‌گوێی یه‌کێک له‌م تازه‌ بابه‌تانه‌دا بسرکێنێ: کاکی هه‌ڵه‌ی پڕ له‌ په‌ڵه‌! کامه‌ گه‌لی هه‌رزه‌لی هه‌ره‌ دارا و هه‌ره‌ ڕزگاری سه‌رزه‌وی گومان ئه‌به‌ی زمانه‌که‌ی وشه‌ی نامۆی تێدا نه‌بێ؟ ئینگلیز؟ ئه‌ڵمانیا؟ فه‌ڕه‌نسا؟ ڕووسیا؟ که‌ست دیون، لێت پرسیون؟ تا پێت بڵێن له‌ سه‌تا چه‌ندی زمانیان له‌ یه‌کتری خواستۆته‌وه‌؟ له‌ ڕێزمانه‌کانی ئۆردی، ده‌ری، فارسی و به‌نگالی شاره‌زای؟ تورکی ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌زانێ؟ که‌ تا ملان له‌ عاره‌بی ئاخنیاون. ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستت زمانی عه‌ره‌بی بان بێ؟ داخی گران که‌ عاره‌بیش وه‌ک پێداویسته‌ نازانێ، تا بزانێ ئه‌و زمانه‌ وا پان و پۆڕ و به‌ربڵاو بووه‌ که‌ هه‌زار و چوارسه‌د ساڵه‌، پێنسه‌د میلیۆن موسوڵمان خزمه‌تی ده‌کا به‌ هه‌زاران وشه‌ی نامۆی له‌ناو خۆیدا په‌نا داوه‌. ته‌نانه‌ت قورئانی پیرۆز- که‌ له‌ پاکی و ڕه‌وانیدا مۆجیزاته‌- ده‌یان وشه‌ی نه‌ژادی ڕۆمی، سانسکریتی، په‌هله‌وی، یۆنانی، کوردی و ئارامی تێدایه‌ وه‌کوو: برهان، دین، ملکوت، طوبی، رضوان، فردوس، رائک، زرابی، ن
سه‌لام قادرزاده‌|30 Jan 2012 - 17:53
کاک سه‌لاح
له‌ پێشدا پێویسته‌ که‌ ئاماژه‌ به‌ خالی (وشه‌ی داتاشراو) بکه‌م. زمان داهێنراوی ده‌ستی مرۆڤه‌ و هه‌موو وشه‌ و په‌یڤێک له‌ هه‌موو زمانه‌کانی دنیادا داتاشراون. په‌یڤه‌کان نه‌ ده‌بارن وه‌ نه‌ هه‌ڵده‌قوڵن، به‌ڵکوو داتاشراون. بۆ وێنه عه‌ره‌به‌کان له‌ جێگه‌ی‌ (ته‌له‌فون) ده‌ڵیێن (هاتف) و زۆر باشیش جێی گرتووه‌. هه‌ردوکیان داتاشراون و مێژویان زۆر تازه‌یه‌. ناوی من و ناوی تۆش دوو وشه‌ی داتاشراون.

هه‌مومان ده‌زانین که‌ زمانی کوردی و عه‌ره‌بی له‌ بواری بنه‌مای ڕسته‌ و په‌یڤدا زۆر لێک دوورن، بۆیه‌ ناکرێ به‌راورده‌کان ته‌واو هاوته‌راز بن. وه‌شه‌ سازی ئه‌و دوو زمانه‌ش بێ گومان جیاوازیان هه‌یه‌. په‌یڤی (هه‌لبه‌ستوان) و (هۆزانڤان) بێ ریشه‌ نین. (وان) یان (ڤان) وه‌ک پاشگری زۆر وشه‌ی دیکه‌ به‌کاردێن. بۆ وێنه‌ گاوان، نێچیروان، مێشه‌وان. هه‌ڵبه‌ست و هۆزان بێ ڕیشه‌ نین. ئاو هه‌لبه‌ستن، قسه‌ بۆ هه‌لبه‌ستن نمونه‌ی ئه‌و ده‌ڕبڕینانه‌یه‌ که‌ په‌یڤی هه‌ڵبه‌ستی تێدا به‌کارهاتوه‌.

له‌ زمانی عه‌ره‌بی دا وه‌شه‌ سازی له‌ سێ پیت زۆر باوه‌. کاک سه‌لاح شاعیر له‌ شعور نایه‌ت، به‌ڵکوو له‌ شعر(هه‌ڵبه‌ست) دێت. شعور مانای هه‌سته‌. مه‌شروع (مشروع) له‌ شرع دێت که‌‌ جیاوازی ده‌گه‌ڵ شعر هه‌یه‌. مشروع مانای پرۆژه‌ ده‌دات.

کاک سه‌لاح مه‌به‌ستت له‌ (که‌لیماتی خۆمالی) چیه‌؟ ئه‌و په‌یڤانه‌ی که‌ تۆ ڕیزت کردون هه‌مویان عه‌ره‌بین و ناکرێ خۆماڵی بن. خۆماڵی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆت به‌رهه‌مت هێنا بێ، نه‌وه‌ک وه‌رتگرتبێ.
ره‌شو|29 Jan 2012 - 16:46
بو ‌کاک حسێن حسێنی
ئه‌و زمانه‌ یه‌کگرتویه‌ که‌ به‌رئزت باس ده‌که‌ی له‌ ئامه‌د، له‌ قامیشلۆ و له‌ وورمێ که‌س تێنگه‌ت. واته‌ له‌ سه‌دی 65 گه‌لی کورد لێ تێ ناگه‌ت، چون ده‌ڤوکی سولێیمان ده‌بێت به‌زمانیی ستاندارد. ئێستاش ئێوه‌ له‌ جاتی ثه‌یڤوه‌کانی کار. زێر، باسک لاق یان پێ ،گوستیل. خه‌له‌ک ووشه‌کانی تورکی ئیش قول، قاچ ووشه‌ی عه‌ره‌بی حه‌لقه‌ به‌کار ده‌هینن.
من شانازی به‌ هه‌مو زاراوه‌ و ده‌ڤوکی کوردی ده‌کام . ئه‌و زاراوانه‌ و ده‌ڤوکانه‌ ده‌وله‌ماندی زمانکه‌رمان ده‌گه‌ینیت.زمانی کوردی بێجگه‌ل عه‌ره‌بی له‌ هه‌مۆی زمانه‌کانی ده‌ور و به‌ری خۆی ده‌وله‌مه‌نتره‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌دیای کوردی له‌ عه‌ره‌بیوه‌ گه‌دای ده‌که‌ت. ئه‌وه‌ش له‌وازبۆنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ینیت‌. زمانه‌که‌مان ده‌وله‌مه‌نده‌ ئگه‌ر بێت همو به‌ کوردی بئاخێون ئه‌وکات هه‌مو لێک تێ ده‌گه‌ن و زمانی ستانداردیش چاده‌بێت.بۆ سه‌لماندنی ئاماده‌مه‌ له‌ گه‌ل هه‌ر که‌سه‌ک رۆنێم و باس بیکام .
حسێن حسێنی|29 Jan 2012 - 07:27
زمانی یەکگرتوو هەیە ، ئەگەر دەتەوێت لەدوی بگەڕی زۆر خۆت هیلاک مەکە ، نموونەیی زمانی ئەم سایتەیە، ئەگەر دەڵێن ، ئەی کورمانجی ئەی کەڵهوڕی ئەی هەورامی و ..... چی چی ، بێ هیچ دەمارگرژییەک دووبارە دەڵێم زمانی یەککگرتوویی کوردی هەر ئەمەیە، کە لەپرۆسەیەکی دورودرێژی مێژووییدا دروستبووە، خەتای کەس نییە ، بابانەکان‌و شێخی نەمر لەسولێمانی حوکمڕەوا بوون ، خەتای کەس نییە کۆماری کوردستان لەمهاباد دروستکرا ، ئەم زمانە زمانی فەرمی ئەم حکومەتانە بوو بەشی هەر زۆری ئەدەبی کلاسیکی و سۆفیانەی کوردی بەم زمانەیە، هەموو کتێب‌و بڵاوکراوەکانی چەند سەدد ساڵەی ئەو زاراوانەیتر بە کورمانجی و کەڵهوڕی هەورامییەوە ناگاتە ژمارەی بڵاوکراوەکانی ئەم یەک دوساڵەیی شاری سلێمانی، ئەم زمانە دەمێنێتەوەو پەرەدەسێنێت ، هەڵبەت لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئەو زاراوانەیتر تیابچن، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە زمانەکەمان کەس بۆی نییە تێکیبدات و پەکی بخات. لەگەڵ رێزدا
نووسەری بابەت|28 Jan 2012 - 14:40
بەڕێز كورد
سڵاو
زمانی كوردی ئەوەیە كە ھەیە. كەس ناتوانێ بیباتەوە یان نەیباتەوە سەر شتێك بێ دەلیل. قسەی زاری قەدیمییەكانمان بە بێ عەڕەبی عەسڵەن نەدەكرا. بۆ زمانی جیرانەكانیشمان وایە.
سه‌لاح|28 Jan 2012 - 11:29
کاک ره‌‌شو ئه‌و که‌لیمانه‌ی بۆ کاک سامره‌ندت کردوه به کوردی زۆربه‌یان هه‌ڵه‌یه‌ من لێره چه‌ند نمونه‌تان باس ده‌که‌م . بۆ وێنه ئێوه به شاعیر ده‌ڵێن هه‌ڵبه‌ست وان و هۆزان ڤان ، ئه‌وانه که‌لیمه‌ی داتاشراون و له باری ده‌ستوری زمانه‌وه بێ ریشه‌ن ، شاعیر له شعور را دێت و چون ریشه‌ی هه‌یه چه‌ندین که‌لیمه‌ی دیشی لێ وه‌رده‌گیرێ ، وه‌ک شێعر . مه‌شروع ، شعور ، مشاعره ، پێم خۆشه بزانم ئێوه به جێگای ئه‌و که‌لیمانه که باسم کردون چ که‌لیماتێکی کوردی داده‌نێن ، خودی که‌لیمه‌تان به وشه ته‌‌رجومه کردوه که هه‌ڵه‌یه ، ئێمه ده‌ڵێین که‌لیمه ، که‌لام ، کلیمات ، ته‌که‌لوم ، که هه‌مو یه‌ک ریشه‌ن دیسان ده‌ڵێم ئه‌ی بۆ ئه‌و کلیمانه چ که‌لیماتی کوردی داده‌نێن که ریشه‌ی له وشه‌ دا بێت ؟ یان ئێوه به جێگای کتێب ده‌ڵێن په‌رتوک که دیسان هه‌ڵه‌یه و هیچ ریشه‌ی نیه ، کتێب ، مه‌کتوب ، کتابه‌ت ، کۆتۆب ( کتب ) که‌تیبه ، بۆ ئه‌و که‌لیمانه‌ش تکایه که‌لیماتێکی کوردی دانێن که ریشه‌ی له وشه‌ دا بێت . نگه‌رانی کاک سامره‌ند هه‌ر ئه‌وه کاره‌یه که ئێوه‌ش ده‌یکه‌ن و به زۆری کوردی کردنی که‌لیماتی خۆماڵیه ، ت، واقعیه‌ت ئه‌وه‌ ئێمه زۆر وشه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه له گه‌ڵ جیرانه‌کانمان که مڵکی هه‌مو لایه‌که و کورد نابێ بیان به‌خشێ خۆی له باری زمانێوه‌ فه‌قیر بکا و به هی خۆی نه‌زانێ .
کورد|28 Jan 2012 - 10:22
دیاره‌ ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا زمانی ستاندارد مان نیه‌ یان زمانه‌که‌مان له‌ به‌شه‌ جیا جیا کانی کوردستان وشه‌ی بێگانه‌ی تێدایه‌و ، خه‌ڵک له‌ جیاتی به‌کار هێنانی وشه‌ی کوردی هه‌ندێک وشه‌ی بێگانه‌ به‌کار دێنن، ،هه‌موی راسته‌ ، به‌لام ئایا چاره‌سه‌ره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاک سامره‌ند باسی ده‌کات؟!! .نه‌خێر کاک سامره‌ند . جه‌نابت ده‌ت هه‌وی بنچینه‌ی زمانی کوردی ببه‌یه‌وه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی .. کاک سامره‌ند لێی گه‌رێ کورد گوته‌نی : چاکی مه‌که‌ با هێنده‌ی دی خه‌را نه‌بێ..
هاورێێانی رۆژهه‌ڵات تایمس پێشتریش بۆچونم ناردبو.جانازانم ناهاتوه‌ یان داتان نه‌ناوه‌،
nzar kwestani|28 Jan 2012 - 08:51
ده‌ستان خوش " عاقڵان را ئیشاره‌ئی کافیست" ئه‌وه‌ چیه‌ هێندێ که‌س خۆ له‌ ناحالی بوون ده‌ده‌ن باشه‌ ئه‌مه‌ خۆ مه‌عادله‌ی چه‌ند مه‌جهوولی نیه‌ لێی نه‌گه‌ن ، کوردیه‌ کوردی...
کورد|28 Jan 2012 - 02:59
دیاره‌ منیش بۆچونم وایه‌ که‌ زمانی ستانداردمان تا ئێستا نیه‌و ، زمانه‌که‌مان له‌ به‌شه‌جیاوازه‌کانی کوردستان وشه‌ی بێگانه‌ی زۆر تێدایه‌. ، به‌ڵام قور به‌سه‌ر ئه‌و زمانه‌ی ئه‌تۆ خه‌مخۆری بی کاک سامره‌ند، خه‌ریکه‌ بنچینه‌ی زمانی کوردی ده‌باته‌وه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی،، کاکه‌ لێی گه‌رێ چاکی مه‌که‌ با خه‌را نه‌بێ.
نووسەری بابەت|27 Jan 2012 - 16:07
مام دەیان ی خۆشەویست و ڕەشۆ ی عازیز
سڵاو
مام دەیان مەمنوونم، ڕەبی عەمرت درێژ بێ و تۆفیقت بدا.

ڕەشۆ پێم وایە كەڕەتێكی دیكەش بابەتەكەم بخوێنەوە. كاكڵەكەی دەرێنە و لە جەوھەری باسەكە ورد بەوە. من دەڵێم قسەی زاری باب و باپیرانمان بە كوردی بووە. كوردیی عەسڵ ئی ئەوانە. ئەگەر قسەی زاری باپیرانمان پڕە لە عەڕەبی ئەوە خاسییەتی زمانی كوردییە. كوردی ئەوەیە ئەوان گوتوویانە. ئەگەر تیۆرییەكی زمانناسی لە گەڵ ئەو واقیعە یەك ناگرێتەوە دەبێ تیۆرییەكە بگپڕین، نەك زمانەكە.
ره‌شو|27 Jan 2012 - 08:49
کاک سامره‌ند سلاڤ و رێز
ئه‌گه ر له‌ هه‌‌‌ مو به‌ شه‌ کانی کوردستان به‌تایبه‌ تی روژنامه‌ وانان، نووسه‌ ره‌ان و مێدیاکان به‌ کوردی بنووسن و بئاخێون ئه‌ وکات هه‌ مو لێک تێ ده‌گه‌ن و زارا‌وه‌ کانی کوردی به‌تایبه‌تی کورمانجی سه‌رو و خارو به‌ره‌و زمانێ یه‌کگتووی کوردی ده‌رون به‌لام به‌داخه‌وه‌ له‌ ژێر باندۆر و کارتێ که‌ری عه‌ره‌بیا فارسی عه‌ره‌بیا تورکی و عه‌ره‌بیا عه‌ره‌بی ئه‌و روژنامه‌ وان، نووسه‌ ر و مێدیایانه‌ زمانێ کوردیان شێواندیه‌. بو سه‌لماندن به‌لگه‌م هه‌یه‌.
یه‌ک له‌و نووسه‌ره‌انه‌ به‌رێز سامره‌ند خوتی. نووسراوه‌که‌ت ئه‌و ده‌گه‌ینیت که‌ به‌رێزت به‌ هوش و بیری عه‌ره‌بیا فارسی هزر دکه‌ی و به‌ شێوه‌ی فارسی نووسیته‌ نه‌ک به‌
کوردیه‌ک سروشتی.
وه‌ک به‌لگه‌ چاڤ له‌ه‌و په‌یڤ و ووشانه‌ ده‌که‌ین که‌ کوردی نین به‌ڵام له‌ نووسراوه‌که‌ت به‌کار هاتون
لیباس، ئیتفاق،خه‌لک،موته‌ر
جیم، ‌‌‌حالی ده‌بون، ئیشاره‌، دیلمانج، چه‌ته‌ه‌نه‌، به‌قه‌ول، شاعیر، وه‌خت، وه‌هم، کتێب، ئاخری رێگا، مه‌سنو‌عی، لوغه‌ت، غه‌رب. شه‌رق، شیمال، جنوب، نه‌تیجه‌، که‌لیمه‌، خه‌ته‌ر، مه‌سه‌له‌ن، قابیل، ملک، له‌هجه‌، غه‌یر، ‌حه‌وجه‌، و گله‌ک ووشه‌یتر،
ئێستا واته‌ی په‌یڤه‌کانی سه‌رو به‌ کوردی یه‌ک سروشتی و هێسان بوت ده‌ نووسم‌

لیباس=جل و به‌رگ
، ئیتفاق=یه‌ک بوون و کۆک
،خه‌لک=گه‌ل
،موته‌رجیم=وه‌رگێر
، ‌‌‌حالی ده‌بون=تێ ده‌گه‌یشتن
ئیشاره=ئاماژه‌
دیلمانج=وه‌رگێر
چه‌توو‌نه=ئاسته‌مه

به‌قه‌ول=به‌ گۆته‌
شاعیر=هوزانڤان و هه‌لبه‌ستڤان
وه‌خت=کات و ده‌م
کتێب=په‌رتووک
ئاخری رێگا=دووایا رێگا و داویا رێگا
مه‌سنو‌عی=ده‌سکرد
لوغه‌ت=ووشه‌ په‌یڤ
غه‌رب=روژئاوا
شه‌رق=روژهه‌لات
شیمال=باکور
جنوب=باشور
نه‌تیجه= سه‌رئه‌نجام
که‌لیمه=ووشه‌ و په‌یڤ‌
خه‌ته‌ر=مه‌ترسی
مه‌سه‌له‌ن =بو نمونه‌
قابیل=شایان
ملک=زه‌وی و دارای
له‌هجه‌=ده‌ڤوک و زاراوه‌
غه‌یر=بێجگه‌ل و بلی
‌حه‌وجه=گه‌ره‌ک و پێیویست‌،
مام ده‌یان|27 Jan 2012 - 08:40
سڵاو مامۆستا سامڕه‌ندی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست،
سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له بابه‌ته‌که و ئه‌ئییدی مه‌به‌ستی وتاره‌که و به په‌رۆش بوون بۆ دۆخی زمان و جل و به‌رگی کوردی، به‌حه‌ق شێوازی نووسینه‌که‌ت ئه‌وه‌نده خۆماڵیانه‌ی و شیرینه که خوێندنه‌وه‌که‌ی بۆ خۆی لذتی خۆی هه‌یه. دیسان ده‌ست خۆش و چاوه‌روانی شتی زیاترین له جه‌نابت.
نووسەری بابەت|27 Jan 2012 - 05:34
سڵاو لە بەڕێزان مستەفا و زەردەشت
وەزعی زمانی كوردی لە كوردستانی عێراق بەرەو خراپ بوونێكی زیاتر چووە. ھەر وەك كە وەزعی لیباس لەوێ خراپ بووە و لیباسی كوردی تەرك كراوە.

بەڕێز زەردەشت
حەول بدە جارێكی دیكە لە سەر ڕا بابەتەكە بخوێنیەوە.
دەستتان خۆش بێ
مسته‌فا|27 Jan 2012 - 03:15
ده‌ست خۆش کاک سامره‌ند باوه‌ر که بیری ئه‌و عه‌کسه‌تم کردبو . وتارێکی زۆر به نرخه به ناو روناکبیرانی کوردی عێراق و به گشتی مێدیای کوردی سڵامه‌ت بن ، زبانه‌که‌مان به قازانجی فارسان ده‌توێته‌وه . سه‌یری ئه‌و کتێبانه بکه له ئیداراتی ره‌سمی وڵاتانی ئروپایی وه‌ک کتێبخانه و پۆلیس به کوردی ته‌رجومه‌ کراونه‌وه ، به خوای بێزت هه‌ستێ تازه زۆر منه‌ت به سه‌ر خه‌ڵکیشه‌وه ده‌که‌ن که کوردی باش ده‌زانن و کۆڵێک پوڵی ته‌رجومه وه‌رده‌گرن .
زەردەشت|26 Jan 2012 - 12:25
بە خوای برام هیچ تێنەگەیشتم مەبەستان چییە.تۆ جارێ ئێمە حاڵی بکە،دوایی کێشە نییە خوا گەورەییە.هەر دەڵێی عەرەبی و زمانی باو باپیرانمان بۆ مەگەر باو باپیری تۆ عەرەب بووە. خوای گەورە شەفات بدات!

تۆش ده‌توانی به‌شداریی له‌و باسه‌دا بکه‌ی به‌ مه‌رجێک:
- به‌شداریت پێوه‌ندیی به‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێ نه‌ک ره‌خنه‌ له‌ که‌سایه‌تیی نووسه‌ران یان که‌سایه‌تیه‌کان
- زمانێکی وه‌هات به‌ کار نه‌هێنابێ که‌ رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ‌ڕێزی به‌ که‌س یان لایه‌نێکی تایبه‌تیی بزانێ





avatar
avatar
avatar

avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar


هه‌موو مافێکی ئه‌م ماڵپه‌ڕه پارێزراوه|بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ ئاماژه به سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت قه‌ده‌غه‌یه