RSS     Despek
ماڵه‌وه‌| هه‌واڵ| وتار| دیمانه‌| ئه‌ده‌ب‌وهونه‌ر| نووسه‌ران| له‌ مێدیاکانه‌وه‌‌| رۆژهه‌ڵات‌تایمز و خوێنه‌ران| په‌یوه‌ندی
25 October 2014
بگه‌رێوه‌| ناردن بۆ دۆستان‌| چاپ| 9863 جار بینراوه‌| 10 بۆچوون|

قیله‌وقانجی حه‌سه‌نان

12 Mar 2013
avatar
هه‌ر به‌سه‌ری هه‌موومان روحیشم ئاگاداری ته‌له‌ویزیۆنه‌که‌ نه‌بوو که‌ چ فیلمێک نیشان ده‌دا، ئه‌وه‌ دوو شه‌وه‌ مێشکم زۆر مه‌شغوڵه‌، چونکه‌ شه‌وی ڕابردو سێ میوانم هه‌بوون هه‌رسێکیان ناویان حه‌سه‌ن بوو؛ حه‌سه‌ن حاته‌می، حه‌سه‌ن کاکیلی و حه‌سه‌ن مه‌لاک. ئیدی ئه‌وه‌ دوو شه‌و و ڕۆژه‌ خه‌و و خواردنم نه‌ماوه‌ و هەر خه‌ریکی ژماردنی حه‌سه‌نه‌کانی دێمۆکڕاتانم تا بزانم دێمۆکڕات چه‌ند حه‌سه‌نی تێدایه‌، له‌ ناکاو ڕمبه‌ له‌ سینگم هات، ئیدی هه‌رچی حه‌سه‌ن ناو بوو له‌ مێشکم ده‌رپه‌ڕین، ئه‌گه‌ر چاو لێده‌که‌م ئه‌وه‌ سێوێکی زه‌لام له‌سه‌ر سینگمه‌، گوتم: ئافره‌ت ئه‌وه‌ ڕه‌جمم ده‌که‌ی یان میوه‌م بۆ داده‌نێی؟!
گووتی: ره‌جم کردنت که‌مه‌، موسته‌حه‌ققی ئه‌وه‌ی سه‌رت پان که‌مه‌وه‌، نه‌ڵێی نازانم، ئه‌وه‌ سه‌حاتێکه‌ لێت ده‌ڕوانم له‌و ژنه‌تیوه‌ حه‌که‌داره‌ چاو ناتروکێنی.
گووتم: خوڕڕه‌م سوڵتانی ده‌ڵێی؟ ده‌ به‌ شه‌ڕه‌فم چونکه‌ وا ده‌ڵێی ڕوحیشم ئاگاداری ته‌له‌ویزیۆنه‌که‌ نه‌بوو، من ئه‌وه‌ دوو شه‌وه‌ خه‌ریکی هه‌ژمارکردنی حه‌سه‌نه‌کانی خۆمانم.
- خۆت له‌ گێلی مه‌ده‌، ده‌زانم قه‌ده‌رێکه‌ عاشقی خوڕڕه‌م بووی.
+ حه‌ک ده‌غیلی ئه‌و جۆره‌ ئه‌قڵ و بۆچونه‌ت بم! کچێ، من له‌کوێ و خوڕڕه‌م خاتوونی ژنی سوڵتان سوله‌یمانی عوسمانی له‌کوێ؟! من ده‌مێکه‌ به‌ خواردنی شورباو له‌په‌ ڕاهاتوم، که‌بابی گۆشتی ئاسک بخۆم له‌ قورقورۆچکه‌م ده‌گیرێ و پێی ده‌خنکێم.
- یانی من شورباو له‌په‌م و خوڕڕه‌م که‌بابی ئاسکه‌؟ وه‌ڵڵا منیش به‌قه‌د ئه‌و ئارایش بکه‌م سه‌ت له‌و جوانتر ده‌بم.
+ کچێ به‌و شه‌وه‌ی له ‌دین ده‌هریم مه‌که‌، ئارایشی چی؟ نه‌وه‌ڵڵا هه‌موو سیمی دونیایه‌ بێنه‌ و له‌ فتیله‌یه‌کی نه‌فتی ببه‌سته‌ بزانم ده‌بێته‌ لامپێکی چل وات؟!
- دوای سی ساڵ خزمه‌ت و کڵفه‌تی کردنت ئه‌منت کرد به‌ فتیله‌ی نه‌فتی؟ وه‌ڵڵا وای ناخۆی.
به‌هاتوهاوارمان کچه‌که‌م له‌ ژوره‌که‌ی ده‌رپه‌ڕییه‌ ده‌ر ، هه‌ر له‌ یه‌که‌م چرکه‌کانی هه‌ڵایسانی ئاگری شه‌ڕ له‌ماڵه‌که‌ماندا لایه‌نی دایکی گرت، ئیدی دایک و کچ به‌ دوو مۆبایل و ته‌له‌فونێک که‌وتنه‌ ڕاگه‌یاندن، سه‌رتان نه‌یه‌شێنم له‌ یه‌کێتی ژنانی خۆمان ڕا بگره‌ تا هه‌ر خزمێکی له‌ ئێران و توران هه‌مانه‌ ئاگادار کران که‌ قیله‌وقانج دوای سی ساڵ کڵفه‌تی به‌ ژنه‌که‌ی گوتووه‌ فتیله‌ی نه‌فتی، ئه‌ویش له‌ به‌ره‌به‌ری هه‌شتی مارسدا.
له‌دڵی خۆمدا گووتم: ده‌غیلتان بم حه‌سه‌نه‌کانی دێمۆکڕات ، که‌ له‌سه‌ر ئه‌ژماردنتان چۆن ماڵم له‌خۆم کاول کرد. ئاقڵانه‌ترین کار هه‌ڵاتنم بوو، لاقێکم له‌ حەوشە و لاقێکم له‌ کۆڵان دا بوو مۆبایله‌که‌م ناڵاندی، حه‌سه‌ن خۆشکه‌لام بوو، ته‌له‌فونکردنی ئه‌ندامێکی ته‌شکیلات ئه‌ویش به‌و شه‌وه‌ ده‌بێ زۆر گرینگ بێ، وه‌ڵامم داوه‌؛
- کا حه‌سه‌ن شه‌وباش!
+ له‌کۆڵ شه‌وباش و مه‌وباش به‌وه‌، هه‌تیوه‌ ئه‌وه‌ چت به‌ ژنه‌که‌ت گوتووه‌؟
- خه‌به‌ر گه‌یشته‌ کۆیه‌؟
+ هه‌تی فریای خۆت که‌وه‌، هه‌رئێستا خه‌به‌رمان بۆ هات یه‌کێتی ژنان ده‌رکه‌ی جبه‌خانه‌ی حیزبیان شکاندووه‌ و وه‌کوو له‌شکری چه‌نگیزخان به‌ چه‌که‌وه‌ به‌ره‌و به‌حرکه‌ وه‌ڕێ که‌وتوون، به‌ڵام تۆ شه‌ڕه‌فت ئه‌گه‌ر گرتیانی له‌زاری من هیچت نه‌بیستووه‌ ها!
کا حه‌سه‌ن بێ ماڵئاوایی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی پچڕاند، وادیاره‌ هه‌ڕه‌شه‌که‌ جیدییه‌، جا بچمه‌ کوێ؟ ماڵی هه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کی بچم ئه‌ندامێکی یه‌کێتی ژنانی هه‌ر تێدایه‌،
خۆمم وه‌ک تاوانبارێک هاته‌ به‌رچاو که‌ له‌وڵاتێکی پۆلیسیدا دوو پۆلیسی کوشتووه‌ و ئه‌وه‌ به‌ هه‌موو پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ لێی ده‌گه‌ڕێن. بن‌دیوار به‌ بن‌دیوار به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانی ده‌خوشیم، کاره‌باش بڕابوو و ئه‌وه‌ بۆ من ده‌رفه‌تێکی باش بوو، له‌ قه‌راخ به‌حرکه‌ نزیکی قه‌برستانی سه‌رێ تا سینگمان وه‌یه‌ک نه‌که‌وت ئاگاداری یه‌کتر نه‌بوین، زۆر سه‌یره‌ ئه‌وشۆ ده‌ڵێی شه‌وی حه‌سه‌نانه‌، تاوێک له‌وه‌ پێش حه‌سه‌ن ناوێک ته‌له‌فوونی بۆ کردم، ئه‌وه‌ ئێستاش زیاده‌ له‌هه‌موو خه‌ڵکی به‌حرکه‌ تووشم به‌ تووشی حه‌سه‌ن مزوری هاتووه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و حه‌سه‌نه‌ دێمۆکڕات نه‌بوو و ئه‌ندامی پارتی بوو، ته‌لیسێکی به‌نی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، دوو بیره‌ی به‌ ژه‌هر کردبوو نه‌یده‌زانی چ له‌ قوتولکه‌کانیان بکا، چونکه‌ له‌ به‌حرکه‌ سزای بیره‌ خواردنه‌وه‌ به‌ردبارانه‌! گووتم تازه‌ من هه‌ر به‌دبه‌خت بووم، قوتولکه‌کانم لێ وه‌رگرت و به‌ڕێم کرده‌وه‌ ماڵێ. حه‌سه‌ن ئه‌وه‌نده‌ سوک ببۆوە‌ ده‌تگووت دوو منداڵی به‌زگێک داناوه‌، گووتم: ده‌غیلی حکومه‌ته‌ فێدڕاڵییه‌که‌ت بم حه‌سه‌ن مزوری!
له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانی قووتوولکه‌ به‌تاڵه‌کانم له‌ قوڵکه‌یه‌ک هاویشتن و گڵم به‌سه‌ر داکردن، گووتم با به‌سه‌ر خاوه‌ن زه‌وییه‌که‌دا ساغ نه‌بنه‌وه‌، له‌فکری ئه‌وه‌ دا بووم باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه‌ بڕۆمە کۆیه‌ و خۆم له‌ماڵی مه‌لا حه‌سه‌ن ڕه‌ستگار باوێم بەڵکو له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ژنان ئاشتمان بکاته‌وه‌، دیسان مۆبایله‌که‌م ناڵاندی، سوبحانه‌ڵڵا ئه‌وه‌ش هه‌ر حه‌سه‌نه‌، ئه‌و حه‌سه‌نه‌ حه‌سه‌ن جه‌زایرچی به‌رپرسی به‌شی ئیداریی ئه‌نجومه‌نی زیندانیه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بوو.
- ئه‌لۆ، ئه‌وکاته‌ت باش کا حه‌سه‌ن.
+ کوڕه‌ نه‌وه‌ڵڵا هه‌موو کاتم نه‌باش، ئه‌رێ کاکه‌ ئه‌گه‌ر بۆت جێبه‌جێ نابێ هیچ عه‌یب نیه‌ پێمان بڵێ، با که‌سێکی دیکه‌ت له‌ جێ دابنه‌ین.
- کا حه‌سه‌ن به‌زاتی خودای فۆڕمی زیندانییه‌کانم بڵاو کردۆته‌وه‌، به‌ڵام پێم نه‌کراوه‌ هه‌موویان کۆ بکه‌مه‌وه‌، له‌و قه‌یرانه‌ نه‌جاتیم بێ له‌سه‌ر چاومی داده‌نێم.
+ ئه‌وانی حازرن بیاننێره‌ با کارته‌کانیان بۆ سازکه‌ین.
- به‌سه‌ر چاوان ، حه‌سه‌ن ئه‌بروزه‌نی ئه‌وه‌ له‌ گرده‌ چاڵ له‌ماڵی حه‌سه‌ن مه‌حمودی
میوانه‌، هه‌ر ئێستا ته‌له‌فوونی بۆ ده‌که‌م به‌یانی بچێته‌ ماڵی مه‌ و له‌ منداڵه‌کان وه‌ریانبگرێ.
ئیتر کاک حه‌سه‌ن به‌ هۆی چالاکی زۆری رۆژانه‌ی له‌ پێناو ئامانجه‌کانی ئه‌نجومه‌ندا دیار بوو زۆری خه‌و ده‌هات چونکه‌ به‌بێ ماڵئاوایی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی پچڕی!
له‌ قه‌راخ قه‌برستانی به‌حرکه‌ سه‌رم لێ شێوابوو، نه‌مده‌زانی ڕوو له‌ کوێ بکه‌م. له‌ جێی خۆم دانیشتم و پاڵم وه‌ کێلێک دا ئه‌گه‌ر له‌ کێله‌که‌م ڕوانی له‌سه‌ری نوسرابوو شه‌هید حه‌سه‌ن، گڵکۆیه‌که‌ هی له‌مێژساڵان بوو ناوی بابیم بۆ نه‌خوێندراوه‌، ئیدی کوڵێکی خه‌ست ده‌روونمی داگرت و یه‌کسه‌ر وه‌بیر شه‌هیدان حه‌سه‌ن بێکه‌س و حه‌سه‌ن سۆهرابی و حه‌سه‌ن جه‌هانبین و حه‌سه‌ن سازواری و ئه‌و هه‌موو حه‌سه‌نه‌ی دیکه‌ هاتمه‌وه‌ که‌ من به‌ داخه‌وه‌ نه‌مده‌ناسین، دیسان مۆبایله‌که‌م ناڵاندی، چاوم لێکرد ژماره‌ی له‌سه‌ر بوو، گووتم ئینشائه‌ڵڵا ئه‌و یه‌که‌ ناوی حه‌سه‌ن نابێ، وه‌ڵامم داوه‌؛
- فه‌رموون
+ به‌ڕێز ئه‌وکاته‌ت باش
- هی تۆ باشتر
+ جه‌نابتان قیله‌وقانجن؟
- له‌خزمه‌تتاندام ، جه‌نابتان؟
+ حه‌سه‌نم، حه‌سه‌ن شه‌ڕه‌فی.
ئیدی یه‌کجێ هه‌ستامه‌ سه‌ر پێیان و گووتم: خۆشحاڵ بووم کاک حه‌سه‌ن فه‌رموون.
+ ژماره‌ ته‌له‌فوونه‌که‌تم له‌کاک حه‌سه‌ن وه‌رگرت.
- کێها حه‌سه‌ن؟
+ کاک حه‌سه‌ن قادرزاده‌، ئه‌وه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ دانیشتوین قیله‌وقانجان ده‌خوێنینه‌وه‌، زۆریشت سڵاوده‌گه‌یه‌نێ.
- سه‌لامی منی پێ بگه‌یه‌نه‌.
+ پێشنیارێکم بۆت هه‌یه‌ قیله‌وقانج، سنووری قه‌ڵه‌مت به‌رفراوان بکه‌ با خه‌ڵکانی دیکه‌ش بتناسن، ئه‌وه‌ چیه‌ تۆ ده‌یکه‌ی؟ ئه‌و سه‌ر دێمۆکڕات ئه‌م سه‌رت هه‌ر دێمۆکڕات، کاکی خۆم قه‌ڵه‌مه‌که‌ت به‌ره‌و لووتکه‌ ده‌نگ بده‌ و تۆزێک فراوانتر بیر بکه‌وه، بێجگه ‌له‌ دێمۆکڕاته‌کان بابه‌تی دیکه‌ش بۆ باسکردن هه‌یه‌.‌
- به‌سه‌ر چاوان، له‌زۆر جێیان ئه‌وه‌م پێده‌ڵێن، به‌ڵام عه‌هدێکه‌ کردوومه‌، تا ڕۆژی یه‌کگرتنه‌وه‌، قیله‌وقانج درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌نگۆش ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ریی من و ئاواڵانی منتان ده‌وێ زوو تێکه‌ڵ بنه‌وه‌ با ئێمه‌ش بێ خه‌می کێشه‌ ناوخۆییه‌کانمان بچین له‌ ناخی کێشه‌ جیهانیه‌کاندا شت بنوسین.
+ به‌هه‌رحاڵ من سه‌رکه‌وتنی تۆم ده‌وێ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر من بوو پێم گووتی شه‌وێکی شاد.
- هه‌موو شه‌وه‌کانت شاد.
له‌دوای قسه‌کانی کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی تۆزێک له‌خۆم بایی بووم و گووتم: دایه‌گیان له‌کوێی؟ کوڕه‌که‌ت له‌گه‌ل گه‌وره‌ پیاوان هه‌ڵده‌ستێت و داده‌نیشێت.
ئه‌وه‌نده‌ چووبووم له‌ ناخی قسه‌کانی کاک حه‌سه‌نه‌وه‌ ئیدی گوێم لێ نه‌بوو مۆبایله‌که‌م ناڵه‌ی گه‌یشتۆته‌ حاسمانێ، به‌ پڕێشکی باران هاتمه‌وه‌ سه‌ر خۆم، ئه‌گه‌ر چاو لێده‌که‌م خۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر حه‌سه‌نه‌، حه‌سه‌نی کوێخا سمایلی خه‌سته‌خانه‌ی ئازادی خۆمان.
- ئه‌لۆ، کاک حه‌سه‌ن شه‌وباش.
+ هه‌تی قیله‌وقانج مزگێنیم ده‌وێ.
- هه‌ر خۆش خه‌به‌ر بی، چ بۆ؟
+ دایکت زاوه‌.
- کوڕه‌ شتی چاک بڵێ سی ساڵه‌ بابم نه‌ماوه‌.
+ بێبه‌ڵا بی، دایکت ناڵێم دایه‌ نیشتمانی ده‌ڵێم.
- چێ، دیسان حیزبمان بۆ زیاد بووه‌؟
+ هه‌ربۆیه‌ خه‌به‌ره‌که‌یم پێدای تا به‌دوایدا بچی و بۆمانی ڕوون بکه‌یه‌وه‌.
- چه‌په‌، ڕاسته‌، نێوه‌ڕاسته، ئازاده‌، قاچاخه‌؟
+ به‌سه‌ری تۆ هه‌ر هیچی لێنازانم هه‌ربۆیه‌ش له‌تۆ ده‌پرسم، له‌ئێستاوه‌ چاوه‌ڕوانم، کوڕه‌ بێخه‌به‌رم نه‌که‌ی.
‌ئیدی ئه‌وجار مۆبایله‌که‌ی من ده‌رفه‌تی ماڵئاوایی به‌ حه‌سه‌نی کوێخا سمایل نه‌دا و له‌ بێ شاڕژی جیکه‌یه‌کی لێهات و خرپ خه‌وی لێکه‌وت.
ڕاستیەکه‌ی له‌مێژ بوو شتێکی وام بیستبوو، به‌ڵام له‌به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیدا بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌لامه‌وه‌ تۆزێک عه‌جیب بوو، ئیدی ده‌بێ قه‌یتانان تووند که‌م و سنوور ببه‌زێنم و تا به‌شی زاو و زێی خه‌سته‌خانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ڕانه‌وه‌ستم. وه‌ک شه‌وانی ڕه‌مه‌زانی سه‌رده‌می منداڵیم نییه‌تم هێنا، یا شێخ حه‌سه‌نی به‌سری! نه‌ تینووم که‌ی نه‌ برسی، له‌و قۆناخه‌ هه‌ستیاره‌دا به‌ڕاستی پێویستیم به‌ یارمه‌تی شێخ حه‌سه‌ن هەبوو، چونکینێ وه‌کوو هه‌موو جاران قیله‌وقانجی ده‌ربه‌ده‌ر هه‌رچی پاره‌ی هه‌یبوو به‌ نه‌فتی زستانێی دابوو، ڕۆیشتم ڕۆیشتم ڕۆیشتم تا گه‌یشتم، شاری دیانا که‌ سۆرانیشی پێده‌ڵێن، کاتژمێر سێی به‌یانی بوو، پێش ئه‌وه‌ی وڵات رووناک بێ من ده‌بێ له‌ سنوور ده‌رچم، دواییش خودا گه‌وره‌یه‌. ئه‌وشاره‌ش وه‌ک مۆبایله‌که‌ی من له‌خه‌وێکی قورسدابوو، جا له‌و کاته‌دا من له‌ده‌رکی چ ماڵێک بده‌م تا قاچاخچییه‌کم پێ بناسێنێ و له‌ سنوورم ده‌رباز بکا؟ به‌ختی خۆم تاقی کرده‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی خانووه‌که‌ بناسم ته‌ق ته‌ق له‌ده‌رکه‌مدا، ده‌تگووت خاوه‌ن ماڵه‌که‌ له‌پشت ده‌رکه‌ چاوه‌ڕوانی منه‌ له‌یه‌ک چرکه‌دا ده‌رکه‌ له‌سه‌ر گازی پشت کراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ تاریک بوو ڕومه‌تی جوان دیار نه‌بوو، شوشه‌یه‌کی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو جار جاره‌ بۆلای دمی ده‌برد به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بیخواته‌وه‌ مۆڕه‌یه‌کی لێده‌کرد و ده‌ستی دێناوه‌ خوار. گووتم: مامه‌ گیان داوای لێبوردن ده‌که‌م، قاچاخچیه‌ک ناناسن له‌ حدودم بمپه‌ڕێنێته‌وه‌؟ ده‌ستی بۆ گیرفانی برد و فه‌نده‌که‌که‌ی ده‌رهێنا چراکه‌ی هه‌ڵکرد و ڕاست له‌ ڕومه‌تمی گرت و گووتی: هه‌تی قیله‌وقانج به‌و شه‌وه‌ لێره‌ چی ده‌که‌ی؟
به‌ده‌نگی ناسیمه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر حه‌سه‌ن بوو، حه‌سه‌ن شه‌ڕه‌فکه‌ندی.
هاوکات له‌گه‌ڵ چاک و چۆنی له‌گه‌ڵ من، زوو زوو ئاوڕی ده‌داوه‌، ئاگاداریشی کردم منداڵه‌کانی نابێ بزانن که‌ ئه‌و منی دیتووه‌ چونکه‌ وه‌کی ئه‌و ده‌یگووت هه‌ڕه‌شه‌که‌ی یه‌کێتی ژنان بۆ سه‌ر من زۆر جیدییه‌، باسی له‌دایکبوونی حیزبێکی نوێم بۆ گێڕاوه‌ و داوام لێکرد قاچاخچیه‌کم پێ بناسێنێ تا له‌ سنوورم بپه‌ڕێنێته‌وه‌، حه‌سه‌ن ڕۆیشته‌ سوچێک و له‌ نێوان کۆمه‌ڵێک که‌لوپه‌لی حه‌وشه‌دا له ‌شتێک ده‌گه‌ڕا، گووتم: حه‌سه‌ن ئه‌وه‌ له‌ چی ده‌گه‌ڕێی؟ گووتی: له‌ قالیچه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان! گووتم: حه‌سه‌ن من خۆم سوعبه‌ت به‌خه‌ڵکان ده‌که‌م ، کاتی جه‌فه‌نگان نییه‌، شوشه‌که‌ی بۆ لای زاری برد به‌ڵام دیسان بۆی نه‌خوراوه‌، دوایی شوشه‌که‌ی له‌ پێشم ڕاگرت و گووتی: ئه‌گه‌ر پیاوی قومێک له‌وه‌ بخۆوه‌. به‌زاتی خودا له‌من وا بوو نه‌فتی ڕه‌شی تێدایه‌، که‌چی دوایی زانیم ودکای ڕه‌شه‌ و ڕێژه‌که‌شی حه‌فتاوپێنج ده‌رسه‌ده‌، من که‌ زۆر هیلاک بووم ته‌ماح گرتمی و چه‌ند قوومێکم لێ خوارده‌وه، حه‌سه‌ن گووتی: به‌شه‌ڕه‌ف ئیدی پێویستیت به‌ قاچاخچی و قالیچە نه‌ما، چوونکه‌ ئه‌وه‌ بووی به‌ چوار پیستۆن. گوتم: چوار پیستۆن که‌مه‌ پێی ناگه‌مه‌ هیچ کوێ، دووقوومی دیکه‌شم لێ خوارده‌وه‌، حه‌سه‌ن گووتی ئه‌وه‌ بوویه‌ هه‌شت پیستۆن، گووتم: حه‌سه‌ن که‌مه‌ ڕێگام دووره‌، ئیدی به‌ قومێک شوشه‌که‌م نیوه‌ کرد ، حه‌سه‌ن سه‌ری سوڕما، گووتی: یا ئه‌تۆ به‌شه‌ر نی یا کارخانه‌ی ئه‌و قه‌حبه‌باب خێوه‌ درۆ ده‌کا و ئه‌وه‌ حه‌فتاوپێنج ده‌رسه‌د نیه‌. هه‌ستم پێکرد هێدی هێدی لاقانم له‌زه‌وی جیا ده‌بنه‌وه‌، گووتم حه‌سه‌ن لێم دوور که‌وه‌ که‌ به‌ ئیمامی حه‌سه‌ن بووم به‌ ئێف چارده‌، ئیدی له‌چاوتروکانێک گه‌یشتمه‌ به‌شی زاوزێی خه‌سته‌خانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات.
ناڵه‌ناڵێک بوو مه‌گیم خودا بزانێ، گووتم با بڕۆمه‌ ژوور بزانم چ باسه‌، که‌ ده‌چمه‌ ژوور چ ببینم؟ ئه‌وه‌ به‌ بیست دوکتوران له‌ دایه‌ نیشتمان هاڵاون، هه‌ربه‌ هه‌موویان چوار په‌لی منداڵێکیان گرتووه‌ و به‌ زۆر و زۆرداری ده‌یانهه‌وێ بیکێشنه‌ ده‌رێ، له‌دڵی خۆمدا گووتم: له‌سه‌ر سه‌رت گه‌ڕێم دایه‌ نیشتمان بۆ زگی ده‌یکه‌ی! دایه‌ نیشتمان تا چاوی به‌من که‌وت ڕه‌نگی بزرکا و ژانی خۆی له‌بیر چۆوه‌، گووتی: قیله‌وقانج ئه‌وه‌ خۆت ته‌حویل داوه‌ته‌وه‌؟ گووتم: ئه‌وه‌ چ قسه‌یه‌که‌ تۆ ده‌یکه‌ی؟ خۆ من پاکه‌ته‌ نامه‌ی نێو سندوقی پۆست نیم ته‌حویل ئه‌م و ئه‌و بدرێم! گووتی: هه‌ی ماڵی نه‌وێرانم ئه‌ی بۆ هاتوویه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات، بۆ ده‌تهه‌وێ داغێکی دیکه‌ به‌ جه‌رگمه‌وه‌ بنێن، کوڕه‌ بڕۆ تا پاسدار نه‌گه‌یشتوونێ‌.
له‌ ناکاو له‌ حه‌وشه‌ی خه‌سته‌خانه‌وه‌ ده‌نگی تڵپه‌ تڵپی پۆتینی پاسداران بڵیند بوو، ئیدی ئه‌وه‌نده‌ی بڵێی یه‌ک و دوو دوکتورێک جل و به‌رگی داماڵی و منیش له‌به‌رم کردن تا پاسدار گه‌یشتن، من به‌ سه‌ر دیواری خه‌سته‌خانه‌دا بازێکم دا و له‌ خه‌ته‌ر دوور که‌وتمه‌وه‌، له‌خۆشییان ئیدی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو نه‌ته‌قیم، چونکه‌ یه‌که‌مجار بوو به‌ جوانی ئه‌رکێکم جێبه‌جێ ده‌کرد، له‌بیرم نه‌بوو پێتان بڵێم که‌ پێش هاتنه‌ده‌رم له‌ ژووری زاوزێ نامه‌یه‌کم له‌ بن سه‌ری دایه‌ نیشتمانم دانا تا دوایی ڕاسته‌وخۆ بیدا به‌ منداڵه‌که‌ی، من ئه‌وه‌م باشه‌ له‌هه‌ر نوسڕاوه‌یه‌کم چه‌ند فتۆکۆپی هه‌ڵده‌گرمه‌وه تا وه‌کوو ئیمام محه‌مه‌دی غه‌زاڵی و دزه‌کانم لێ به‌سه‌ر نه‌یە، چونکه‌ ده‌زانم دوایی پێویستیم پێی ده‌بێ، ئێستا ئه‌وه‌ش ده‌قی نامه‌که‌م به‌ بێ زیاد و که‌م؛
پێشکه‌ش به‌ پاشه‌به‌ره‌ی تازه‌ له‌ دایکبووم
درۆ ناکه‌م، ئێستاش نه‌مزانی به‌ زه‌بری مقه‌ست و شوژن و به‌ن چاوت به‌ دونیا هه‌ڵهێنا یان وه‌کوو من و باب و باپیرانم به‌ شێوه‌ی سروشتی هاتیه‌ ده‌ر! ناشزانم کێ بانگی به‌ گوێ دا داوی! گووتیان چوونکه‌ له‌ زگی دایکماندا زۆر به‌ جوڵه‌ و بزۆز بوویه‌ به‌ ناوی " بزووتنه‌وه‌"یان کردی، منداڵی کورد که‌ ناوی بزووتنه‌وه‌ بێ زۆر ئاساییه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردوستانیشی به‌دوادا بێت.
براگێان پێم خۆش بوو گوێزه‌بانه‌ت بۆ بده‌م و بنێرم له‌دوای وه‌ستاکانی تاران و ته‌ورێزێ جوانترین لانکت بۆ دروست بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وکات که‌ گه‌یشتیە ته‌مه‌نی حیزبه‌کانی ئێستا، چاکتر له‌ حاڵی ئێستای من تێده‌گه‌ی، بزووتنه‌وه‌ گیان ده‌زانم تێگه‌یشتن له‌وقسانه‌ی من بۆ تۆ تۆزێک زوویه‌، به‌ڵام مردن خه‌به‌ر به‌ که‌س نادا، به‌و نامه‌یه‌ منیش دڵم ئۆقره‌ ده‌گرێت و دواییش خودا بۆ هه‌ردوومان گه‌وره‌یه‌.
باسی خۆمت بۆ ناکه‌م چونکه‌ ئێستا هیچ سودێکی نیه‌، ئه‌وکات که‌ پێت له‌ په‌نجا ساڵی نا تازه‌ ده‌زانی قیله‌وقانج کێ بوو و چی کرد، ئێستا براگیان گرینگ ئه‌وه‌یه‌ هاتووم بتکه‌م به‌ حیزبێکی که‌شخه‌ و ڕێک و پێک که‌ هه‌موو حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێره‌ییت پێ ببه‌ن، وه‌کوو حیزبێکی منداڵ پێویست ناکا له‌که‌ند و کۆسپه‌کانی ڕۆژگارێکی درێژدا کادیره‌کانت به‌ ئه‌زموون بکه‌ی، ئێمه‌ له‌جێاتی تۆ هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونانه‌مان وه‌رگرتووه‌ و له‌ حاڵی حازردا هه‌ر ئێستا له‌ بناری هه‌یبه‌ت سوڵتانێ له‌ چاوی پیس به‌دوور بین به‌ هه‌ردوو باڵی دێمۆکڕات نزیک به‌ سه‌ت و په‌نجا که‌سی پڕ له‌ ئه‌زمونمان له‌ سه‌رکردایه‌تیدا هه‌یه‌، وه‌ڵڵاهی به‌هه‌ردوولامان حه‌وت یا هه‌شت که‌سمان لێ سه‌روزیاده‌، وه‌ره‌ به‌که‌یفی خۆت هه‌ڵبژێره‌، به‌ شه‌ڕه‌ف هی وامان تێدایه‌ دوو هێنده‌ی ئه‌فلاتوون شت ده‌زانێ به‌ڵام ده‌رفه‌تی ده‌ربڕینی نیه‌ چونکینێ هه‌رچی له‌ ده‌وروپشتی خۆی ده‌ڕوانێ به‌خڕی له‌ خۆی ئه‌فلاتونترن، هه‌تیو نه‌که‌ی خه‌راپ بیربکه‌یه‌وه‌ و وابزانی قیله‌وقانج له‌ به‌شه‌ڕه‌ف ترین ڕۆڵه‌کانی نیشتمان جاڕز بووه‌ و به‌مه‌زادی داناون، گه‌وره‌ترین شانازی ئێمه‌ی دیمۆکڕات ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ پێناو به‌خته‌وه‌ر کردنی برا چکۆله‌کانمان مه‌سڵه‌حه‌تی خۆمان قوربانی ده‌که‌ین، هیچ دوور ناڕۆم بڕوانه‌ کاک مسته‌فای براگه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ کاکه‌ عه‌بدوڵڵای براچکۆڵه‌ی قاقه‌زی براده‌ری ده‌نووسێ و هه‌ر پێنج قامکیشی بۆ پێوه‌ ده‌نێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خالیدی ئاواڵ دووانه‌ی ناحه‌جمێ! بزوتنه‌وه‌ گیان لێم تێبگه‌، ئه‌وکه‌سه‌ که‌سه‌ ئه‌لفێکی به‌سه‌، هه‌ر بۆیه‌ش داوات لێده‌که‌م لێم تێبگه‌ی چونکه‌ من ئه‌وه‌نده‌ بێکار نیم هه‌ر دابنیشم و ئامۆژگاری تۆ بکه‌م، با له‌ ڕاگه‌یاندن په‌کت نه‌که‌وێ، هیچ پێویست ناکا بۆ که‌لوپه‌لی ڕاگه‌یاندن له‌به‌ر ئه‌م و ئه‌و بپاڕێیه‌وه‌ یان داوای یارمه‌تی له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بکه‌ی و ئه‌وانیش له‌دواڕۆژ منه‌تت له‌سه‌ر بکه‌ن، دوو ته‌له‌ویزیۆنمان هه‌یه‌، مفت و مه‌رحه‌با یه‌کیان هه‌ڵبگره‌ بۆ خۆت، دوو ڕادیۆمان هه‌یه‌ به‌ شه‌ش ملیۆن گۆهداره‌وه‌! گه‌ردنی باب و باپیرت له‌ئێستاوه‌ ئازاد بێ، هه‌ردووکیان بۆ تۆ، چل په‌نجا بێژه‌ر و پێشکه‌شکاری ته‌له‌ویزیۆنیمان هه‌یه‌، له‌ کچه‌کان به‌ده‌ر ئه‌وانی دیکه‌ هه‌موو بۆ تۆ، به‌شه‌ڕه‌ف جه‌ماڵ پوورکه‌ریمێکمان هه‌یه‌ به‌ دڵی خۆی ده‌نگ هه‌ڵێنێ په‌رده‌ی گوێت ده‌دڕێنێ. له‌ بابه‌ت وه‌رگێر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نووس و وشه‌ ناس و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ نیگه‌ران مه‌به‌ به‌ دڵی خۆت وه‌ره‌ هه‌ڵبژێره‌ ته‌نانه‌ت قه‌ند و چا و جلوبه‌رگی ساڵانه‌شیان له‌ سه‌رخۆمان.
من خۆم پێم خۆش نیه‌ قه‌ت ده‌ست بۆ چه‌ک ببه‌ی، به‌ڵام هه‌ر کات شه‌ڕ قونی له‌ده‌رکه‌ نای ئه‌وه‌ چه‌ند تیمسار و کارناسی نیزامیمان هه‌یه‌ که‌ له‌ بێکارییان ئه‌وه‌ له‌ ماڵێ پاڵیان داوه‌ته‌وه‌، یه‌کیان ژێنڕاڵ برایم، به‌ چوکه‌ڵیه‌که‌ی فریوێ نه‌خۆی، ناسنامه‌ی چوکه‌ڵییه‌، ئه‌گینا له‌ باڵادا چی وا له‌ ته‌ره‌غه‌ که‌متر نیه‌.
ئه‌وه‌ له‌ ئێستاوه‌ پێت ده‌ڵێم دوایی نه‌ڵێی قیله‌وقانج برایه‌کی خه‌راپ بوو و پێی نه‌گووتم، کوردی ڕۆژهه‌ڵات زۆریان حه‌ز له‌ شه‌ڕه‌ فڕ و قسه‌ی نه‌سته‌ق و گاڵته‌ و جه‌فه‌نگ و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌نعه‌ته‌شدا له‌ کورتی نه‌ده‌ی ئه‌وه‌ ڕه‌سوی سوڵتانیشم دا به‌ تۆ، هه‌ڵبه‌ت قه‌ده‌رێکه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نایابه‌مان سووکه‌ نه‌خۆشییه‌کی لێ په‌یدا بووه‌، له‌قسان جار جار به‌هۆی وه‌رگێڕانی زۆر له‌ کونی خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دوور له‌ڕووی خوێنه‌ران عه‌یب نه‌بێ قسه‌ی حه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌کا، به‌ڵام خه‌مت نه‌بێ چاکی ده‌که‌ین دوایی بۆتی ده‌نێرین، به‌ سه‌ری هه‌ردووکمان ئه‌و گورگه‌ بۆره‌ت له‌گه‌ڵ بێ عوبه‌یدی زاکانیش زیندوو بێته‌وه‌ ناوێرێ سوعبه‌تت پێ بکا.
قه‌ت داوای پاره‌م لێ مه‌که‌ که‌ قه‌ت نامبێ، به‌ڵام بۆ که‌لوپه‌لی ناوماڵ له‌ لای دوکانداره‌کانی باشوور ده‌بمه‌ که‌فیلت، به‌ قیستی مانگانه‌ به‌ دڵی خۆت مۆبڵ و یه‌خچاڵ و جل شۆر و مۆکێت و ئه‌وجۆره‌ شتانه‌ هه‌ڵبژێره‌، به‌ ماشێنی حیزب بۆت ده‌گه‌یه‌نمه‌ سه‌ر سنوور له‌وێش به‌دواوه‌ عایدی خۆت.
من بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ ئاوا خۆمت پێوه‌ ماندوو ده‌که‌م و له‌سه‌ر ماڵی حیزب ئه‌و ته‌خشان په‌خشانه‌ی ده‌که‌م، دوایه‌ نه‌ڵێی پێت نه‌گووتم، کوڕه‌ ئامان، نه‌کا کۆمیته‌ی ئیمدادی ئیمام به‌ دوو ته‌نه‌که‌ ڕۆن فریوت بدا و مه‌لای حه‌جه‌مان به‌ دوو نووشته‌ چاوت بنوقێنن و له‌ دوای دوو ڕۆژان لێم قیت بیه‌وه‌ و بڵێی: ئه‌ز ئه‌زم هه‌ڵده‌به‌زم!
ئێستاش ئه‌وه‌ من له‌ ماڵی خۆم دانیشتووم و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه‌که‌تم، به‌ پاشکه‌وتی ئه‌و مانگه‌م تونگه‌یه‌ک شیری مه‌ڕ و مه‌نجه‌ڵیک ماستی هه‌ولێرم بۆت کڕیوه‌، ئیمه‌یله‌که‌ت نازانم، بۆم بنێره‌ با پێیدا ئه‌وانه‌شت بۆ بنێرم، ده‌ڵێم نه‌کا له‌به‌ر گه‌مارۆکانی ئامریکا بۆ سه‌ر ئێران تێر به‌ زگی خۆت نه‌خۆی و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئێسقانت پووک بن.
له‌ کۆتاییدا هیچ دڵه‌ڕاوکێیه‌کت نه‌بێ چونکه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانم ڕاسپاردووی بێدڵیت نه‌که‌ن و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ وه‌کوو کوڕه‌ پاشای ئینگلستانێ له‌سه‌ر ده‌ستان هه‌ڵتباوێن و وێکڕا بڵێن:
نینی نینی نیکه‌ڵه‌
هه‌نگوێن و ڕۆن تێکه‌ڵه‌
ئه‌وکوڕه‌ فێری باخه‌ڵه‌

برای ده‌ربه‌ده‌ر و دووره‌ وڵاتت
قیله‌وقانج

نه‌ورۆز له‌ هه‌موو کوردێک پیرۆز
ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
Facebook| My Yahoo| Twitter| google| Balatarin Balatarin
majid|26 Mar 2013 - 09:35
به دواى نيو ساعەت خويندنەوەى ئەم جارەى قيلەو قانجى بر قازانجت رەبى عەمرت 1000 سال و بينو سيشت هەميشه بر لەكەو هەر بيت
شۆڕش سوڵتانی|19 Mar 2013 - 12:45
کاکە مەنسور گیان دەستەکانت خۆش بێ ، بڕوا بکە لەم چۆلەوانی و بێ کەسێ دا تەنیا بابەتەکانی تۆ دەمان بوژێنێتەوە و دەمان گێڕێتەوە ناو دڵی دایکە نیشتیمانی مەجاغ کۆر، دروستە کوڕی زۆرە بەڵام بەخوای سەد کوڕی وای بێ هەر وەجاغ کۆرە ، چاوەکانت ماچ دەکەم
قیله‌وقانج|16 Mar 2013 - 02:32
وه‌ڵڵاهی نازانم بڵێم چی. باشترین کار ئه‌وه‌یه‌ قیله‌وقانجی خۆشتان بۆ له‌حه‌وابکه‌م. شیلان خانم به‌شه‌ڕه‌فم تائێستا له‌فزم له‌ له‌فزی تاهیر قاسمی نه‌گه‌ڕاوه‌ له‌وانه‌یه‌ بیبینم نه‌یناسمه‌وه‌.
کاوه‌یس گیان ڕاستییه‌که‌تان ده‌وێ من زۆرکه‌م سه‌ری نوسراوه‌کانم ده‌ده‌م هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێم نه‌وه‌ک به‌ ئافه‌رینان له‌خۆم بایی ببم و حیساب بۆ که‌س نه‌که‌م. کاک برایم جه‌نابت حه‌زره‌تی مه‌هدی و من یه‌کێک له‌و 313نه‌فه‌ره‌، کاتی هات وه‌ڕێ ده‌که‌وین.له‌یلا و کاحه‌سه‌ن و خوشکه‌ حه‌لیم ده‌ستتان ماچ ده‌که‌م و سپاستان ده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌وجار نازانم له‌ کوێ ڕا قیله‌وقانجانتان بۆ له‌حه‌وابکه‌م، ئای له‌ئه‌و به‌دبه‌ختییه‌ی.ئه‌
ه‌ش ئیمه‌یلی من بزانم به‌ چ کارێکتان دێ!qilewqanc@gmail.com
کاوەیس|15 Mar 2013 - 18:51
مام قیلەوقانج، سلاو ژ مەڕا بۆ تە،
باشە، جەنابت سەری نووسراوەکانت نادەیەوە؟ شەش جارم فەرمایشتە کانت خوێندۆتەوە، دوازدە جارم ئافەرم بۆ ناردووی، کە چی داوای ئێمەیلەکەتمان کرد، ‌ژ تەڕا چ بەرسیف نەبوون! چما هەڤاڵ؟

بەهەرحاڵ بە قەولی هاوشارییەکانی خۆت :"هەر خۆشمان دەوێی"!
شیلان|14 Mar 2013 - 13:22
سڵاو قیله‌وقانج هه‌واڵی ڕاوه‌ستانی سایتی ڕۆژهه‌ڵات تایمز نه‌یهێشت وه‌کوو جاران چێژ له‌ ئه‌و ته‌نزه‌ت وه‌ربگرم.دیاره‌ ئه‌تۆش پێشتر ئاگاداری ئه‌و هه‌واڵه‌ بویه‌ هه‌ربۆیه‌ چه‌ند بابه‌تت له‌سه‌ر یه‌ک کردوته‌وه‌ به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ فکرێکی جیدی بۆ بلاو کردنی ته‌نزه‌کانت بکه‌ی ئه‌وه‌ش مافی سه‌ره‌کی لایه‌نگرانته‌.هه‌ر سه‌رکه‌وتوبێ وده‌ستخۆش.
چوكةلى|14 Mar 2013 - 12:17
كاكى قيلة وقانج كةى خوم ئامادة بكةم بؤ سةفةرةى بوت ديارى كردووم
حلیمەئیسماعیلی|13 Mar 2013 - 07:28
دەستەکانت خٶش کاک مەنسوورگیان ماندو نەبی. کاکە مەنسوور باۆەر بکە من شەو دەرەنگانیک بابەتەکی توم خۆیندەوە بەڵام ئەوەی راست بێت نەمویڕا هیچ بەنووسم کاکە لەوە ترسام دیسان شەو دەرەنگ بێت و قیلە و قانج رەخنەم لی بەگری کە بۆ جی ئەوکاتەی شەو دانیشتووم و شەت دەنووسم جون بۆ ئاقڵان ئیشارەیەک بەسە . هەر بۆیە دەڵێم هیوادارم هەموو کەسەکان و هەمووحیزبەکان و بەتایبەتی دوباڵی دیموکرات بە دەڵگەورەییەوە رەخنەکان وەربەگرن جون تا رەخنە نەبی جاکسازی نابی جاریکتر سپاس و دەست وقەلەمتخۆش بێت قیلە و قانج گیان
‌حەسەن حاتەمی|12 Mar 2013 - 13:50
کاک مەنسوور گیان! ئەوکاتەت باش
دەستەکان خۆش و بیر و قەڵەمت تیژتر و قسە و تەنزت خۆشتر بن. دەڵێن: دوو حەسەن ناو لەلای یەک بن، دەبن حەسەنیەن و بە سێیان دەبنە حەسەنات. بەخزمەت گەیشتنتان بۆ من و زەحمەتەکانی براژان جێی ڕێز و حورمەتەو سپاسی هەموو لایەک دەکەم. بۆمن دیدارێکی زۆر خۆش و جێی خۆشحاڵی بوو.
بەوئۆمێدەی هەموو لایەک بە حوسنی نەییەتەوە بڕواننە قیلە و قانجەکانی جەنابت و بەهێندیشی بگرن. چونکە تەنز بەشێکی گرینگە لە ژیان و بە بروای من ئامانجیشی چاکسازی و دڵ فراوانییە لە کۆمەڵگا دا.
دیسان سپاس بۆ میوانداریتان و دەسخۆش لەبەشداری هەمووان.
بەڕێزەوە: حەسەن حاتەمی
لیلانەیی|12 Mar 2013 - 11:15
وەک هەمیشە پوخت وبێ عەیب دەس خۆش وماندو نەبی
کاوەیس|12 Mar 2013 - 04:07
کوڕە ڕەبێ دەستت خۆش بێ و قەڵەمت هەر "بەرەو لووتکە" بێ. باوەڕم بەوەی هەیە ئەدەبیاتی ئێمە هەرچەندی دەوڵەمەندیش بێ، تەنزی تێدا نەبێ، لایەکی هەر بەتاڵ دەبێ. قیلەوقانجی خۆشەویست ، تەنزەکەتم زۆر پێ‌جوانە. بژی بۆ ئەو بیرە بەرینە و ئەو گفت و لفتە خۆشەت.. باشە بۆ ئادرەسمەیلی خۆشتمان بۆ نانووسی، تا پێوەندیت پێوە بکەین؟

تۆش ده‌توانی به‌شداریی له‌و باسه‌دا بکه‌ی به‌ مه‌رجێک:
- به‌شداریت پێوه‌ندیی به‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێ نه‌ک ره‌خنه‌ له‌ که‌سایه‌تیی نووسه‌ران یان که‌سایه‌تیه‌کان
- زمانێکی وه‌هات به‌ کار نه‌هێنابێ که‌ رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ‌ڕێزی به‌ که‌س یان لایه‌نێکی تایبه‌تیی بزانێ





avatar
avatar
avatar

avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar
avatar


هه‌موو مافێکی ئه‌م ماڵپه‌ڕه پارێزراوه|بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵات‌تایمز به‌ بێ ئاماژه به سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت قه‌ده‌غه‌یه